زانایانی ژاپۆن پێستی راستەقینە دەخەنە سەر رووخساری رۆبۆتێک

زانایانی ژاپۆن رێگەیەکی نوێیان پەرەپێداوە، بۆ دابینیکردنی پێستی زیندوو بۆ دەموچاوی رۆبۆتەکان، کە ئەمەش وادەکات دەربڕینیان و گوزارشتی رووخساریان و زەردەخەنەکانیان راستەقینەتر دەربکەون.
پێستەکە لە تاقیگەیەکدا بە بەکارهێنانی شانەی زیندووی پێست دروستدەکرێت، ئەمەش وا دەکات وەکو پێستی راستەقینە نەرم بێت، پێستە دەستکردەکە پێکهاتەیەکی پتەوی هەیە و دەتوانێت خۆی چاک بکاتەوە.
زاناکان بۆ جێگیرکردنی پێستەکە بە روخساری رۆبۆتەکەوە، کونی بچووکیان لە رووی رۆبۆتەکەدا دروستکرد و جێڵی کۆلاجینیان بەکارهێناوە تاوەکو پێستەکە لە شوێنی خۆیدا بچەسپیت. کە هەمان شێوازی چۆنییەتی لکاندنی پێستی مرۆڤە بە جەستەوە.
پێشتر چەند هەوڵێکی شکستخواردوو هەبوون بەڵام بەم تەکنیکە نوێیە، پێستەکە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ رۆبۆتەکەدا دەجوڵێت.
توێژەران ئەم دۆزینەوەیەیان لە گۆڤاری (سێڵ ریپۆرتس فیزیکەڵ سایەنس) بڵاوکردەوە، ئاماژەیان بەوەداوە، هێشتا چەندین ساڵ تاقیکردنەوەی پێویستە تاوەکو دروستکردنی ئەم جۆرە رۆبۆتانە ببنە شتێکی باو، هەروەها توێژەران ئاماژەشیان بەوەداوە، جگە لە رۆبۆتیک، ئەم کارە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە لێکۆڵینەوەکانی پیربوونی پێست و پەرەپێدانی جوانکاری و باشترکردنی رێکارەکانی نەشتەرگەری جوانکاری.