رکابەرێکی سەرسەختی NETFLIX لەڕێیە

کۆمپانیای فۆکس، لە پلانیدایە یەکێک لە گەورەترین تۆڕە سینەماییەکانی خۆی بە ناونیشانی TUBI بەرەوپێشببات، کە دەبێت بە رکابەرێکی گەورە و سەرسەختی تۆڕی نێتفلیکس و بێ بەرامبەر فیلم و بەرهەمە سینەماییەکان پێشکەش بە بینەرانی دەکات.

تۆڕی سینەمایی "Tubi"، کە ساڵانێکی زۆرە یەکێکە لە باشترین تۆڕەکانی ئینتەرنێت تایبەت بە پەخشکردنی بەرهەمە سینەمایی و تەلەفزیۆنییەکان، لەلایەن کۆمپانیای "FOX"ـەوە ماوەی دوو ساڵە خاوەندارێتیی دەکرێت و لە ئێستاوە رەخنەگرانی سینەما وەکو رکابەری سەرسەختی نێتفلیکس ناوی دەبەن.

ئێستا ئەم تۆڕە خاوەنی 80 ملیۆن بەکاربەری بەردەوام و لە ئاستی وڵاتی بەریتانیا و ئەمریکا کە سوود لە خزمەتگوزارییەکانی وەردەگرن لە پەخشکردنی فیلمەکان بەبێ بەرامبەر.

ئەم تۆڕە، کار لەسەر ریکلامی سەر فیلمەکانی دەکات و بە گوتەی بەرپرسەکانی، زیاتر لە 20 هەزار فیلم و زنجیرەی سینەمایی لەخۆ دەگرێت، لە دیارترینی ئەو بەرهەمانەش لەلایەن کۆمپانیاکانی وەکو: دیزنی، لایەنس گەیت و سۆنییەوە بەرهەمهێنراون.

بەرەوپێشبردنیشی لە ئاستی وڵاتی بەریتانیا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قازانجەی بەدەستیهێناوە بۆ کۆمپانیاکە و دەیانەوێت سەرنجی زیاتری گەنجان رابکێشن بۆ بینینی نوێترین بەرهەمە سینەماییەکانی جیهان.