بانکى کشتوکاڵى سلێمانى: داوامانکردووە حکومەت 15% بۆ 20% لێخۆشبوون بۆ پێشینەکان بکات

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بانکى کشتوکاڵى سلێمانى پێشنیازیکردووە 15% بۆ 20%ـی پارەى پێشینەى کشتوکاڵى لێخۆشبوونی بۆ بکرێت کە هێشتا لای جوتیاران و هاونیشتمانییان ماوەتەوە.

پەیمان فەریق، بەڕێوەبەرى بانکى کشتوکاڵى سلێمانى بە کەناڵ8ـی گوت، لەماوەى 10 ساڵدا واتە لە 15ـی ئابى 2004ـەوە تاوەکو ساڵى 2014، بڕى 45 ملیار و 92 ملیۆن دینار پێشینەیان داوەتە جوتیاران و ئەو هاونیشتمانییانەى پرۆژەى کشتوکاڵیان هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕى پارەى گەڕاوەى پێشینەکان بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان 41 ملیار و 255 ملیۆن دینار بووە، کە تەنیا سێ ملیار و 837 ملیۆن دینار لاى هاونیشتمانییان ماوەتەوە.

بەڕێوەبەرى بانکى کشتوکاڵى سلێمانى ئەوەشى روونکردەوە، پێشنیازمانکردووە بۆ گێڕانەوەى پێشینەکان، بەڕێژەى 15 بۆ 20% لێخۆشبوون بۆ جوتیار و هاونیشتمانییان بکرێت، گوتیشى، هەموو ئەوانەى سوودمەندبوون لە وەرگرتنى ئەو پێشینانە لە سلێمانى، کاریگەریى لەسەر سێکتەرى کشتوکاڵ هەبووە.