کەشناسیی عێراق: پلەکانی گەرما چوار پلە دادەبەزن

دەستەی کەشناسیی عێراق ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراق نزیکەی 3 بۆ 4 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
دەستەی کەشناسی و پسپۆڕانی کەشناسیی عێراق پێشبینى دەکەن، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پاڵەپەستۆی نیمچە کەمەرەیی، کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق ساماڵ و گەرم دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما لەچاو چەند رۆژی رابردوو دینە خوارەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی عێراق، پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی هەریمی کوردستان، لە نێوان 40 بۆ 44 پلەی سیلیزی دەبێت، لە کاتێکدا رۆژانی رابردوو 3 بۆ 4 پلە بەرزتر بووە.
سەبارەت بە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووریش، پلەکانی گەرما لە نێوان 44 بۆ 49 پلەی سیلیزی دەبێت، لە کاتێکدا رۆژانی رابردوو، لە سەروی 51 پلەی سیلیزییەوە بووە.
دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە، بە تەواوی هەستیان پێدەکرێت و هیچ ئاماژەیەکی نوێش لە ئارادا نییە، بۆ ئەوەی دووبارە پلەکانی گەرما لەم هەفتەیەدا بەرزبوونەوە تۆمار بکەنەوە.