چوار سوودی تەندروستیی هەنجیر

test
هەنجیر یەکێکە لەو میوانەی بەهای خۆراکی بەرزە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پێگەیشتنی هەنجیردا، خەڵکی زیاتر روو لەم میوەیە دەکەن. هەڵبەتە هەنجیر چەندین سوودی تەندروستیی جۆراوجۆری هەیە.

هەنجیر لە بازاڕدا بە چەندین جۆری جیاواز بەردەستە: هەنجیری فرێش، مرەبا و وشککراو. هاوکات هەنجیری فرێش بە چەندین رەنگی جیاواز بوونی هەیە، لەوانەش رەنگی رەش و زەرد. هەنجیر میوەیەکی تەندروست و سوودبەخشە، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ریشاڵە خۆراکییەکان، دژەئۆکسانەکان و خۆراکەماددەکانی دیکە. هەڵبەتە هەنجیر بڕێکی زۆر لە شەکر لەخۆدەگرێت، بۆیە ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، پێویستە بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بڕێکی زۆری لێنەخۆن. واتا دەشێت تووشبووانی شەکرە هەنجیر بخۆن، بەڵام بە بڕێکی سنووردار.

سوودە تەندروستییەکانی هەنجیر بەگشتی خۆیان دەبیننەوە لە:

  • دەوڵەمەندە بە ریشاڵی خۆراکی، کانزا و ڤیتامینەکان: یەکێک لە سوودە گەورەکانی هەنجیر بریتییەلە دەوڵەمەندیی بە خۆراکەماددە جۆراوجۆرەکان، لەوانەش ڤیتامین کەی، ڤیتامین B6، پۆتاسیۆم، کۆپەر، ئاسن، مەنگەنیز و مەگنیسیۆم.
  • باشترکردنی تەندروستیی دڵ: دەشێت هەنجیر بارودۆخی تەندروستیی دڵ باشتربکات و ئاستی فشاری خوێن رێکبخات. هاوکات هەندێ لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هەنجیر هاریکارێکی باشیشە لە رێکخستنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێندا.
  • باشترکردنی کرداری هەرس:  بوونی ریشاڵی خۆراکی لەم بەرهەمە سروشتییەدا، وا دەکات پرۆسەی هەرس باشتر ببێت. لەلایەکی دیکەوە هەنجیر سەرچاوەیەکی خۆراکیی باشە بۆ بەکتریا سوودبەخشەکانی نێو ریخۆڵە؛ ئەو بەکتریایانە هەوکردن کەمدەکەنەوە و سیستمی بەرگری بەهێزتر دەکەن.
  • دەوڵەمەندە بە دژەئۆکسانەکان: هەنجیر دژەئۆکسانەکان لەخۆدەگرێت کە پرۆسەی پیربوون خاودەکەنەوە، چالاکیی مێشک باشتر دەکەن، پێست بە تەندروستییەکی باشەوە دەهێڵنەوە و رێگریی لە تووشبوون بە نەخۆشییە فرەجۆرەکان دەکەن.