لیستی کورتی خەڵاتی ئەدەبی عەرەبیی راگەیەنرا

بە گوتەی رەخنەگرانی ئەدەبی عەرەبی، فێستیڤاڵی دابەشکردنی خەڵاتی ئەدەبی عەرەبیی ئەمساڵ، کێبڕکێیەکی بەهێز بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش لەکاتێکدایە، لیستی کورتی پاڵێوراوان بڵاوکراوەتەوە و کێبڕکێ بۆ بردنەوە دەکەن.

پەیمانگەی جیهانی عەرەبیی لە شاری پاریسی وڵاتی فەڕەنسا، هاوشانی دامەزراوەی "جان لوک لاگاردیر"، حەوت کتێبی سەرەکییان وەکو پاڵێوراوی سەرەکیی لە لیستی کورتی خەڵاتی ئەدەبی عەرەبیی ئەمساڵ دیاریکردووە کە کێبڕکێ بۆ بردنەوەی نازناوی باشترین بەرهەمی ئەدەبی عەرەبیی 2024 دەکەن.

کتێبەکان سەر بە ژانرای گێڕانەوەن و لە وڵاتانی: تونس، جەزائیر، لیبیا، فەڵەستین و لوبنان نووسراون، بە زمانی فەڕەنسی نووسراون یاخود لە عەرەبییەوە وەرگێڕراونەتە سەر ئەم زمانە.

بە گوتەی دەستەی دامەزرێنەرانی پەیمانگەی جیهانی عەرەبیی بۆ خەڵاتە ئەدەبییەکان؛ ئەو بەرهەمانەی هەڵبژێردراون، رووناکیی دەخەنە سەر دەوڵەمەندیی ئەدەب لە جیهانی عەرەبییدا، نووسەران بەشێوەزاری جیاواز و کولتووری جیاواز دەدوێن و پرسە جیاوازەکان چارەسەر دەکەن.

بڕیارە پایزی ئەمساڵ، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دیاریکردنی براوەی ئەمساڵ بدرێت و ئاهەنگی ئاشکراکردنی ناوی براوەکەی رێکەوتی 27ی تشرینی دووەم رێکبخرێت لە شاری پاریس.

خەڵاتی ئەدەبی عەرەبی، ساڵی 2013 دامەزراوە و دوو ساڵ جارێک دابەش دەکرێت، ئەم خەڵاتە بەهاکەی یەکسانە بە 10 هەزار یۆرۆ و لە حەوتەم خولی خۆیدا بە نووسەری عێراقی "فورات ئەلعانی" بەخشرا، بە ناونیشانی "فەلوجەم بیردێتەوە".