دیزنی هاککراوە و هەڕەشەی لێدەکرێت

کۆمەڵێک هاککەر بەناوی "Nullbulge" بەپرسیارییەتی خۆیان لە هاککردنی داتاکانی کۆمپانیای دیزنی و دزەپێکردنی زانیارییەکانیان راگەیاندووە.
کۆمەڵەکە باس لەوە دەکات، دزەی بە زانیارییەکانی هەزاران کەناڵی پەیوەندی ناوخۆیی کۆمپانیاکە کردووە، کە لەناویاندا زانیاری هەبووە لەبارەی پڕۆژە ئاشکرانەکراوەکان، کۆدە پرۆگرامییەکان و پاسوۆردەکانی چوونە ژوورەوە، ئاشکراشی کردووە کە زیاتر لە تێرابایتێک لە زانیارییەکانی دیزنی بڵاوکردووەتەوە.
وەک "The Wall Street Journal" ئاماژەی پێکردووە، زانیارییە دزەپێکراوەکان کۆمەڵێک گفتوگۆ لەخۆدەگرن، لەبارەی کارگێڕی بەڕێوەبردنی وێبسایتی ئەلیکترۆنی "دیزنی"ـەوە، لەگەڵ بەرەوپێشبردنی پرۆگرامەکان، هەڵسەنگاندنی داواکارانی کار، وتوێژەکان لەبارەی کەمپەینی ریکلامەکان و چەندین زانیاری دیکە، لەگەڵ کۆمەڵێک داتا کە بۆ 2019 دەگەڕێنەوە.
کۆمپانیای دیزنیش رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو رووداوەوە دەکات کە وەک هەڕەشەیە بۆ کۆمپانیاکەیان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵە هاککەرەکە وەسفی خۆیان بەوە دەکەن کە داکۆکی لە مافی هونەرمەندەکان دەکەن و ئامانجەکانیشیان بەپێی کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی هەڵدەبژێرن.