ئێران: پلانى کوشتنى دۆناڵد ترەمپمان نەبووە

نێردەى هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند، "لێدوانى بەرپرسانى ئەمریکا لە بارەى بوونى پلان لە لایەن وڵاتەکەیەوە بۆ کوشتنى دۆناڵد ترەمپ دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکى نییە".
نێردەى هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "ترەمپ تاوانبارە و فەرمانى کوشتنى قاسم سولەیمانى دەرکردووە، بەڵام پێویستە لە رێگەى یاساییەوە لێپرسینەوەى لەگەڵ بکرێت، وڵاتەکەشى رێگەى یاسایی گرتووەتەبەر بۆ بەدیهێنانى دادپەروەرى" .
پێشتر تۆڕى سى ئێن ئێنـى ئەمریکى لە راپۆرتێکدا لە زارى سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاشکرایکردبوو، ئێران پلانى کوشتنى ترەمپى هەبووە و دەزگاى خزمەتگوزاریی نهێنى لەم چەند هەفتەى دواییدا، رێکاریی زیاترى بۆ پاراستنى ترەمپ گرتووەتەبەر.
بەرپرسانى ئەمریکا ئاماژەیان بەوەشکردووە، هیچ بەڵگەیەک نییە، بیسەلمێنیت، تۆماس ماسیۆ کروکس، ئەو کەسەى هەوڵى کوشتنى ترەمپیدا، پەیوەندیی بە پلانەکەى ئێرانەوە هەیە.