ئەو زنجیرە خێزانییەی هەمووان چاوەڕوانی بوون نمایشدەکرێت

یەکێک لە چاوەڕوانکراوترین زنجیرە خێزانییەکانی تۆڕی ئەپڵ تیڤی پڵەس، بەناونیشانی "Time Bandits" بەم نزیکانە بڵاودەکرێتەوە و سەرنجی بەشێکی زۆر لە بینەرانی ئەم تۆڕەی راکێشاوە.
گەرچی بۆ یەکەمجار بیرۆکەی چیرۆکی تایم باندتس ساڵی 1981 سەریهەڵداوە و لەسەر دەستی دەرهێنەر تێری گیڵام دەرهێنانی بۆ کراوە، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی نوێکراوە و بە شێوازی زنجیرە دەخرێتەوە بەر دیدی بینەران.
ئەم زنجیرەیە، باس لە چیرۆکی سەرسورهێنەری کوڕێکی منداڵ دەکات، کە لە دۆڵابە سەروو سروشتییەکەیەوە ئاشنای چەندین کارەکتەر و کەسایەتیی دێرینی مێژوو دەبێت، رێگەیان پێدەدات دۆڵابە ئەفسووناوییەکەی بەکاربهێنن بۆ گەشتکردن بە کاتدا.

تایکا وایتیتی و جیمەین کلیمێنت بەرهەمهێنەر و دروستکەری ئەم زنجیرەیەن، ئاماژە بەوە دەدەن هەوڵی سەرەکییان داوە چەند بنەمایەکی رەسەنی ئەم چیرۆکە بپارێزن و کەش و رووداوەکان لە بەرهەمە بنەڕەتییەکەوە نزیک بێت، بەڵام جەخت لەوەش دەکەنەوە، دەستەی چەتەکان هەمان دەستەکەی رابردوو نین و گۆڕانکاریی بەسەر کەسایەتییەکانیاندا هاتووە.
بڕیارە رێکەوتی 24ی تەمموز لەسەر تۆڕی ئەپڵ تیڤی پڵەس نمایشکردنی ئەم زنجیرەیە دەستپێبکات و پێشبینی دەکرێت لە ئاستی بەرهەمە خێزانییەکاندا ببێت بە زنجیرەیەکی دیاری ساڵی 2024