19 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی موزیسیانی کورد میرزادە تێپەڕدەبێت

بە دەنگی حەسەن زیرەکی نەمر و سۆڵۆی کەمانەکەی موجتەبای میرزادە کوردانی هەرچوارپارچەی کوردستان هەموو ساڵێک یادی نەورۆز و ساڵی نوێ دەکەنەوە، ئەو دەنگی کەمانە بوو کە بووە هۆی ناساندن و خۆشوویستنی میرزادە لەناو دڵی هەموو میللەتی کوردا.
هەموو نەورۆزێک خەڵکی کوردستانی هەرچوارپارچە بە جۆشوخرۆشێکی بێ وێنە، بە ئاواز و دەنگی حەسەن زیرەکی نەمر و سۆڵۆی کەمانەکەی موجتەبای میرزادە یادی نەورۆز و ساڵی نوێ دەکەنەوە، ئەو دەنگی کەمانە بوو کە بووە هۆی ناساندن و خۆشوویستنی میرزادە لەناو دڵی هەموو میللەتی کوردا.

ئەمڕۆ یادی لەدەستدانی یەکێک لە هەرە موزیسیانە مەزنەکانی کوردە، ئەویش موزیسیانی ڕۆژهەڵات و باشوور و هەموو پارچەکانی تری کوردستان موجتەبای میرزادەیە.
ئەمڕۆ کە یادی ئەو کەڵە هونەرمەندەی کورد دەکەینەوە تەنیا یادێکی راگوزەر نییە، بەڵکو رۆژانە بەرکەوتەمان لەگەڵ تۆنی کەمانەکەی وسێتارەکەی دەستی و ئەو گۆرانییانە دەبێت، کە موجتەبا هەر لە گەنجییەوە تاکو کۆتایی تەمەنی ژەنیونی و کاری موزیکی بۆ کردوون.
موجتەبای میرزادە لە بنەماڵەیەکی مەلازادەی کرماشان لە 17 ئازاری 1945 هاتۆتە دنیاوە، ئەوهەر لەسەرەتای منداڵییەوە خولیای فێربوونی موزیکی هەبووە بەهۆی گوێگرتنی زۆری بۆ رادیۆی هەمسایە لە رێگای ئەو رادیۆیەوە گوێی لە موزیکەکانی مامۆستایان مەهدی خالدی و پەروێز یاحەقی دەگرت، لە سەرەتادا خۆی فێری ئامێرەکانی نای و سەنتوور کرد کە بووە دەرگایەک بۆ چوونە ناو ئەو پانتاییەی لە هونەری ئێراندا هەیە بەتایبەتی موزیکی کوردی، بەڵام سەید تەقی باوکی میرزادە کە سەید و مەلازادەی کرماشان بوون زۆر ڕێگر بوون لەوەی موجتەبا ببێتە هونەرمەند و بە پێچەوانەی شەرعیان زانیوە، بەڵام کۆڵنەدانی میرزادە وا لە هاوڕێیەکی نزیکی باوکی دەکات کە سەید تەقی باوکی ناچاربکات کەمانێکی بە 70 تومەن بۆ بکڕێت و وەکو خۆی دەڵێت زۆربەی گۆرانێکانی حەسەن زیرەک بەو کەمانە 70 تومەنییە تۆمارکراون، ئیتر ئەمە بووە دەستپێکی هاتنە ناو دونیای هونەر.
میرزادە بەشێوازی ئەكادیمی موزیکی نەخوێندووە بەڵکو خۆی فێری خوێندنەوەی نۆتەی موزیک کردووە، کاتێک لە ساڵی 1959 دەچێتە شاری سنە و حەسەن كامكار باوكی خانەوادەی كامكاران دەناسێت، ئیتر لە رێگای ئەوەوە دەرگای چونە ناو موزیکی کوردی بۆ دەکرێتەوە، پاشان بووە موزیکژەن لە رادیۆی كوردی سنە.
ساڵی 1960 دەگەرێتەوە شاری کرماشان و لە تەمەنی 16 ساڵیدا دەچێتە رادوێ کرماشان و وەک مۆسیقارێکی لاو بەڵام بە توانا، سەدان بەرهەمی بەنرخ بۆ گۆرانی بێژانی کورد تۆماردەکات.
دوای ئهو قۆناغه بووه یهكێك لە گەورەترین ژەنیارانی كەمان لە ئێران، كاری بۆ زۆر لە هونەرمەندە گەورەكانی ئێران كردووە لەوانە: هایدە، مەهەستی، گوگوش، ستار، سەوسەن، شەجەریان، ئەفسەری شەهیدی، عەهدیە، تاجیک، حومەیرا، موعین، ئومێد، لەیلا فروهەر، ئیرەج حاجی ئەمیری، هومایون کازمی، عەلی رەزا ئیفخاری، ئیرەج مەهدیان، گوڵپا، شەکیلا، پەروا، فەرزین، ئاغاسی و چەندین هونەرمەندی تری ئەو سەردەمەی ئێران، هەر وەکو خۆی ئاماژەی پێکردووە و دەڵێ: لەنێوان ساڵی 1968 تاوە کوو سالی 1978 هیچ گۆرانیبێژێک لە ناو فارسەکاندا نە ماوە کە من موزیکم بۆ نەژەندبێ یان موزیکم بۆ ئامادە نە کردبێ.
بەڵام لەهەمووی گرنگتر بۆ میرزادە ناسین و کارکردنی بوو لەگەڵ هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک، کە لەوێوە بە تەواوی ئاوێتە بوو لەگەڵ موزیک و گۆرانی کوردیدا و لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دڵخۆشترین ساتەکانی کارکردن بووە لەگەڵ حەسەن زیرەک و بوونەتە هاوڕێیەکی نزیکی یەکتری و کاری بۆ زۆربەی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک کردووە وەکو ژەینین و ئامادەکردنی موزیک، هەروەها زۆرێک لە کارەکانی مەزهەری خالقی کە هەر میرازدە کاری ئامادەکردن و ژینینی تێدا کردووە.

ئەو هونەرمەندە کوردانەی کە دەرفەتی کارکردنیان لەگەڵ میرزادە هەبووە بریتی بوون لە حەسەن زیرەك، مەزهەری خالقی، عەزیزی شاروخی، ناسری رەزازی، محمەدی ماملێ، حسەین شەریفی، ئیبراهیمی خۆشنەوا، مورتەزا توندڕەو، خەلیلی سەدیقی و هاشمی رەبیعی و چەندین گۆرانویبێژی تر.
هەرچەندە میرزادە وادەناسین کە زۆربەی کارەکانی لەگەڵ حەسەن زیرەکی نەمر بووە، بەڵام لە ئێران پایەیەکی گەورەی موزیکی ئێرانی بووە، جگە لە بواری ژەنین، لە بواری دانانی موزیکی فیلم و دابەشکردنی موزیکدا دەستێکی باڵای هەبووە، هە لەبەر ئەوەشە دەبینین باشترینەکانی نێو سینەمای ئەوکاتەی ئێرانی کاری موزیکی فیلمەکانیان بەو سپاردەوە،
لە هەمان کاتدا باشترین موزیکژەنانی وەک: چشم ئازەر، شهرداد روحانی و دەیانی دیکە دابەشکردنی کاری موزیکی بەرهەمەکانیان بە میرزادە دەسپارد.
دواجار میرزادە زیاتر لە 40 ساڵ لە كاری هونەری و بەخشینی چەندین شاكاری گەورە بە موزیكی كوردی و ئێرانی، لە ڕۆژی 17 تەمووز 2005 لە نەخۆشخانەی گەورەی تاران بە نەخۆشی دڵ گیانی سپارد.
