کۆشکى سپى: بایدن تووشى کۆرۆنا بوو

کۆشکى سپى ئەمریکا ئاشکرایکرد، جۆ بایدن، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە.
کۆشکى سپى لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەگوێرەى ئەنجامى پشکنینەکان دەرکەوتووە کە جۆ بایدن تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە، بەهۆیەوە چەند نیشانەیەکى نەخۆشى تێدا دەرکەوتووە، بەڵام نیشانەکان سووکن.
کارین جان بییر, سکرتێرى رۆژنامەوانیى کۆشکى سپى رایگەیاندووە، بەگوێرەى ئەنجامى پشکنینەکان بایدن تووشى کۆرۆنا بووە، ئەوەش دواى ئەوەى چەند نیشانەیەکى تەنگەنەفەسى تێدا دەرکەوتووە، هەروەها تووشى هەڵامەت و کۆکە بووە.
ئاشکراشیکردووە، سەرەتا نیشانەکان دەرکەوتوون و دواى رۆژێک هەستى بەباشى نەکردووە بۆیە پشکنینى بۆ کراوە، لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە.
کۆشکى سپى ئەوەشى راگەیاندووە، بایدن لە خانووەکەى لە ویلایەتى دێلاوێر خۆى کەرەنتینە دەکات و رێکارەکانى خۆپارێزى دەگرێتەبەر.
راگەیەندراوەکەى کۆشکى سپى دواى ئەوەهات، بڕیاربوو جۆ بایدن بەشداریى کۆنفرانسێک لە لاس ڤێگاس بکات و گوتەیەک پێشکەش بکات، بەڵام بەڕێوەبەرى کۆنفرانسەکە رایگەیاند کە بەهۆى توشبوونى بە کۆرۆنا، بایدن ئامادەى کۆنفرانسەکە نابێت.