ئاساییە خانمان لە کاتی سێکسدا ئازاریان هەبێت؟

test
ئازار لە کاتی سێکسدا چارەسەری هەیە

ئازار لە کاتی سێکسدا یەکێکە لەو حاڵەتە پزیشکیانەی خانمان توشی دەبن. ئەو خانمانە زۆرجار وادەزانن نابێت باسی بکەن و بە هۆکاری جیاواز داوای چارەسەری پزیشکی ناکەن. ئازار لە کاتی سێکدا، ئەگەر زۆر بخایەنێت، رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی چێژوەرگرتن لە سێکس و هەندێجار بشبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و جیابوونەوەی هاوسەران. یەکەم هەنگاوی چارەسەریش، پشتگوێنەخستنی نیشانەکەیە، چونکە کاریگەریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

نزیکەی 75٪ی خانمان لە ساتێک لە ساتەکانی ژیانیاندا لە کاتی سێکسدا هەست بە ئازار دەکەن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە هەستکردن بە ئازار لە کاتی سێکسدا دۆخێکی ئاساییە، بەتایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت. ئازار لە کاتی سێکسدا، چەند هۆکارێکی جیاوازی هەیە، وەکو:

  • زەبری سێکسی لە رابردوودا
  • رووشان و برینداربوون
  • نەخۆشییە بە سێکس گوازراوەکان
  • نەخۆشیی هەوکردنی حەوز لە خانماندا
  • کیسی هێلکەدان
  • برینداربوونی پاش نەشتەرگەریی حەوز
  • لەسووڕچوونەوەی خانمان
  • وشکبوونەوەی زێ

ئازار لە کاتی سێکسدا، بە هەر کام لەم هۆکارانە بێت، کاریگەریی جەستەیی و دەروونی لەسەر خانمەکە جێدەهێڵێت. ناسینەوەی نیشانەکان و بینینی پزیشکی پسپۆڕ بۆ چارەسەر، یەکەم هەنگاوی چارەسەرکردنی کێشەکەیە.

پاش بینینی پزیشکی پسپۆڕ، چارەخواز چەند پرسیارێکی لێدەکرێت تایبەت بە مێژووی نەخۆشییەکەی و نیشانەکانی، هاوکات چەند پشکنینێکی جەستەیی بۆ خانمەکە دەکرێت و هەندێجار پێویست بە پشکنینی کۆم و سۆنەری زێی خانمەکەش دەکات.

پاش دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە، چارەخواز و پزیشکی پسپۆڕ پێکەوە پلانێکی چارەسەر دادەڕێژن بە مەبەستی گەڕانەوەی سێکسی بێ ئازار بۆ چارەخوازەکە. ئەو چارەسەرانەی کە رەنگە پزیشکی پسپۆڕ بۆ چارەخوازی پێشنیازبکات، ئەمانەن:

  • چارەسەری هەوکردن، ئەگەر هەوکردن هۆکاری سەرەکیی ئازارەکە بێت
  • گۆڕین یان وەستانی ئەو دەرمانانەی دەبنە هۆی وشکبوونەوەی زێ
  • چارەسەری هۆرمۆنی بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان، ئەگەر هۆکارەکەی لەسووڕچوونەوە بێت
  • وەرگرتنی چارەسەری راوێژکاری و چارەسەری سێکسی بە ئاخاوتن