چۆن کۆئەندامی بەرگری بەهێز بکرێت؟

سیستمی بەرگری رۆڵێکی چالاکی لە بەرەنگاربوونەوەی وردبینە هۆکارەکانی نەخۆشی و چاکبوونەوەی برینەکاندا هەیە، بەڵام چۆن بتوانرێت ئەم سیستمە زیاتر بەهێز بکرێت بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتە تەندروستییانەدا کە لە داهاتوودا رووبەڕووی دەبیتەوە؟
سیستمی بەرگری هێڵێکی بەرگریی سروشتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان. ئەم سیستمە لە کۆمەڵێک ئەندام، خانە، پڕۆتین و ماددەی کیمیایی جۆراوجۆر پێکدێت کە جەستەی مرۆڤ لە بەکتریا، ڤایرۆس، ژەهر و هەر ماددەیەکی زیانبەخشی دیکە دەپارێزن و رووبەڕوویان دەبنەوە. کاتێک کۆئەندامی بەرگری هەست بە بوونی ماددەیەکی نەناسراو لە جەستەدا دەکات، راستەوخۆ پەلاماری دەدات و هەوڵدەدات تێکیبشکێنێت و فڕێیبداتە دەرەوەی لەش.
بەشەکانی کۆئدامی بەرگری چین؟
لە بنەڕەتدا کۆئەندامی بەرگری بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەشدەبێت، کە پێکەوە کار بۆ تێکشکانی تەنە نامۆکانی نێو لەش دەکەن. ئەم دوو بەشە لە چەندین ئەندام و پێکهاتەی جیاواز پێکدێن، بۆنموونە:
- مۆخی ئێسک
- دژەتەنەکان
- لیمفە گرێکان
- لوولەکانی لیمف
- سپڵ
- پێست
- ئاڵووەکان
- خڕۆکە سپییەکانی خوێن
- لینجە ماددە
چۆن کۆئەندامی بەرگری بەهێزتر بکرێت؟
رێگەکانی بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری زۆرن، گۆڕینی بەرنامەی خۆراکی و هەندێک لە خووە هەڵەکان، کاریگەرییەکی گەورەیان لە باشترکردنی بارودۆخی سیستمی بەرگریی جەستەدا دەبێت. لێرەدا کۆمەڵێک رێگەی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری خراونەتەڕوو:
- خەوێکی باش و تەندروست: لە کاتی خەوتندا، لەشی مرۆڤ دەتوانێت تەواو خۆی رێکبخاتەوە و پڕۆسەی وەرگرتنی وزە بە ئاڕاستەیەکی باشتردا ببات. لە میانی خەودا، سیستمی بەرگری دووبارە خۆی ئامادەدەکاتەوە بۆ ئەو ئاڵنگاری و بەربەستانەی کە دەشێت لە رۆژی داهاتوودا رووبەڕوویان ببێتەوە.
- راهێنانی بەردەوام: ئاشکرایە ئەنجامدانی راهێنان هۆکارە بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی خوازراو، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە راهێنانکردنی بەردەوام هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتر خرۆکە سپییەکانی خوێن بە بەشە جیاوازەکانی لەشدا. هەڵبەت خرۆکە سپییەکانی خوێن بەشێکی گرنگی کۆئەندامی بەرگرین، سەرەنجام لەشی مرۆڤ زیاتر بەهێز دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکاندا.
- پارێزگاریکردن لە بارستاییەکی گونجاو: قەڵەویی وا دەکات بەشەکانی جەستەی مرۆڤ ئەرکێکی زیاتریان بکەوێتە سەرشان. بۆنموونە لە میانی قەڵەویدا، فرمانی کۆئەندامی بەرگری قورستر دەبێت. بەگوێرەی توێژینەوەکان قەڵەویی دەشێت توانای سیستمی بەرگری بۆ وەڵامدانەوەی تەنە داگیرکەرەکان لاوازبکات، بۆیە پێویست بارستایی لەشی مرۆڤ لە سنووری ئاسایی تێنەپەڕێت، چونکە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر سیستمی بەرگریی مرۆڤ بەجێدەهێڵێت.
- شوشتنی بەردەوامی دەستەکان و پاراستنی پاکوخاوێنی لەش: ژینگەی دەوروبەر ژمارەیەکی زۆروزەبەند و بێکۆتا لە وردیلە زیندەوەرە زیانبەخشەکان لەخۆدەگرێت کە لەسەر کەرەستە و ئامێرە جۆراوجۆرەکانی ژینگەی چواردەور بڵاوبوونەوتەوە. بۆیە لەگەڵ بەرکەوتنی دەستەکانت بە دەرگا، دەسکی ئۆتۆمبێل و هەر کەرەستەیەک کە هەڵگری وردیلە زیندەوەرەکان بێت، پێویستە دەستەکان بشۆردرێن. خۆ ئەگەر وا نەکرێت، لەگەڵ خواردنی خۆراک، بەکارهێنانی مۆبایل، بەرکەوتنی دەست بە دەموچاو، دەشێت ئەم هۆکارانەی نەخۆشی بە لەشی کەسەکەدا بڵاوببنەوە.
- خۆپاراستن لە دڵەڕاوکێ: کاتێک هەست بە دڵەڕاوکێ و دوودڵی دەکەیت، لەشت هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرهەمدەهێنێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، دەردانی بەردەوامی ئەم هۆرمۆنە دەبێتەهۆی نزمبوونەوەی رێژەی خرۆکە سپییەکانی خوێن و زیادبوونی مەترسیی هەوکردن.
- خۆپاراستن لە جگەرە: جگەرە چەندین ماددەی ژەهراوی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت کە دەتوانن سیستمی بەرگری لاوازبکەن، بۆیە دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیڤ، گەلێک گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستیی لەش و کۆئەندامی بەرگری.