نرخی یەک بەرمیل نەوتی ماڵان بە 135 هەزار دینارە

test

نرخی نەوتی ماڵان لە هاویندا بەروارد بە وەرزی زستان جیاوازییەکی زۆری نییە و لە ئێستادا یەک بەرمیل بە 135 هەزار دینارە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، لەم چلەى هاوینەدا نرخى یەک بەرمیل نەوتى ماڵان لە بازاڕدا بە 135 هەزار دینارە، لە زستانی رابردوو بە نزیکەی 160 هەزار دینار بوو، لە ئێستادا بەشێک لەهاونیشتمانییان دەستیانکردووە بە کڕینى نەوت و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان دەکەن.

هەرێمى کوردستان، ساڵانە پێویستى بە 255 ملیۆن لیتر نەوتى سپی هەیە، بۆ ئەوەى هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتى 200 لیتریى بە نرخى پاڵپشتیکراو لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بکڕێتەوە، جگە لەوەى لەناوچە شاخاوییەکان هاونیشتمانیان لە وەرزى زستاندا سێ بەرمیل نەوت دەسووتێنن.

ساڵى رابردوو، حکومەتى عێراق بڕى 50 ملیۆن لیتر نەوتى سپى بۆ هەرێمى کوردستان نارد

حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بەو بڕە نەوتەی بەغدادەوە زیاتر لە 100 ملیۆن لیتر نەوتى سپى دابەشکرد کە بۆ یەک بەرمیل بڕى 103 هەزار و 500 دیناری لە هاونیشتمانی وەرگرت.

عیزەت سابیر، بریکارى وەزیرى نەوتیى عێراق بە کەناڵ8ـی گوت: داوا لە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دەکەین، نووسراو بۆ بەغداد بکات تاوەکو لەکاتى خۆیدا نەوتى سپى بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت.

ساڵى رابردوو وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لەمانگى تشرینى یەکەم نووسراوى بۆ وەزارەتى نەوتى عێراق کرد بۆ ناردنى نەوتى سپى بۆ هاونیشتمانییان.

لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار خێزان هەیە کە تەنیا یەک ملیۆن و 300 هەزار خێزان کارتى وەرگرتنى نەوتیان بۆ کراوە.

loading....