وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی بەڤیزای گەشتیاری خەڵکیان بردووە بۆ سعودیە و سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان پێدێت، سڕ دەکرێن.
وەزارەتی ئەوقاف لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەکیان بەبەشداری نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کۆمپانیایانەی کە لە دەرەوەی وەزارەتەکە هاونیشتمانییانیان بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بردووەتە سعودیە و بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی چەند هاونیشتمانییەک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەنگاوی یەکەمدا بڕیاردراوە ئەو کۆمپانیایانەی کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و بەڤیزای ساڵی، گەشتیاری و ڤیزا جۆراوجۆرەکان خەڵکیان بردووە بۆ وڵاتی سعودیە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان پێدێت، سڕ دەکرێن و مافی بەشداریکردنیان نییە بۆ گەشتەکانی عومرە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆمپانیایانەی هیچ کێشەیەکیان نییە و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەشێوەیەکی یاسایی خەڵکیان بردووە بۆ حەج، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاگاداردەکرێنەوە، کە بەشدار دەبن لەگەشتەکانی عومرە، دوای دەرچوونی رێنماییەکان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە.
وەزارەتی ئەوقاف داوا دەکات، هەر هاونیشتمانییەک سکاڵای لەسەر هەر کەس و کۆمپانیاییەک هەیە کە مافی زەوتکردووە و بەنایاسایی مامەڵەی لەگەڵکراوە و زەرەرمەند بووە لەرێگەی ڤیزا جۆراوجۆرەکانەوە، تاوەکو 10 رۆژی دیکە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن .