دوورم لەیاران بۆ دوا جار بووە هەوێنی دوورکەوتنەوەی هونەرمەند زیرەک لە گوێگران و هەواداران و کاروانی هونەری کوردی، هونەرمەندێک کە ئێستە دوورە لە یارەکانی، ئەمڕۆ یادی 43 ساڵەی کۆچی دوایی دەکەینەوە.
عەبدولقادر ئەحمەد مستەفا لە ساڵی 1954 لە گوندی بێرکۆت لە دایک بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە بەهرەی گۆرانی ووتنی تیا بەدی کراوە و دەنگێکی پاراو و کوردییانەی هەبووە، هەر لە سەرەتاوە لاسایی دەنگی هونەرمەندی کۆچکردوو حەسەن زیرەکی کردووەتەوە، بۆیە دواجار بە خۆشەوسیتی حەسەن زیرەکەوە نازناوی زیرەک بەخۆی دەبەخشێت.
قادر زیرەک لە ساڵی 1969دا ژیانی خێزانداری پێکدەهێنی لەگەڵ نەسرین ئەحمەد، دوو منداڵیان دەبێت بەناوەکانی ئەیوب و ژیان، دوای چوار ساڵ پێکەوەژیان، بەهۆی کارەساتی سووتان لە ساڵی 1973 نەسرینی خێزانی و ژیانی کچی کۆچی دوایی دەکەن، لە ساڵی 1976 لەگەڵ خاتوو ئاواز عەبدولعەزیز ژیانی هاوسەرێتی پێکدەهێنێت و لەم خێزانەش ئومێد، ئاوات و ئەردەڵان لەدایک دەبن
قادر زیرەک یەکەم گۆرانی لە ساڵی 1977دا لە ئێزگەی کوردی لە بەغدا تۆمار کردووە بەناوی دوورم لە یاران، زیرەک لەم گۆرانییەوە ناو ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد کە تا ئێستەش بە نەمری ماوەتەوە و بووەتە یەکێک لەگۆرانیە دیارەکانی نێو ئەرشیفی گۆرانی و موزیکی کوردی.
قادر زیرەک لە ساڵی 1980 توانی چەند بەرهەمێکی دیکە تۆمار بکات لەوانە دوگمەی سینه، ئەمان ساقی، لەبنەوار، بازی کوێستان.
قادر زیرەک لەو تەمەنە کورتەی و لەو چەند گۆرانییە کەمەی کە بەخشی بە هونەری کوردی، بووە خاوەن ناوێک کە نەوە دوای نەوە گۆرانییەکانی بڵێنەوە.
دواجار ئەم هونەرمەندە مەرگ رێی پێنەدا خەرمانی گۆرانییەکانی لەو چەند گۆرانییە زیاتر پجێتە ناو ئەلبومی یادەوەرییەکانی و لە 17 تەمموزی 1981 کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ گەشت و خۆشی دەچن بۆ هاوینەهەواری بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ، لەکاتی گەڕانەوەیاندا دووچاری رووداوێکی دڵتەزێن دەبن و ئۆتۆمبێلەکیان وەردەگەڕێت و زیرەک و هاوڕێیەکی گیان لە دەست دەدەن.