جەین ئۆستنی خانمە رۆماننووسی ئینگلیزی، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە ئەدەبییەکانی رۆژئاوا، لەمیانی ژیانیدا ژمارەیەک رۆمانی کاریگەری نووسیوە و تاوەکو ئێستا ناوبانگیان لەدەستنەداوە، ئۆستن، رێکەوتی 18ی تەمموزی 1817 لە تەمەنی 41 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.
لە ئاستی رەوشتە کۆمەڵایەتییەکاندا، جەین ئۆستن ناوێکی مەزن و دیارە کە بە زمانی ئینگلیزی رۆمان و چیرۆکیان لەسەر ئەم پرسە نووسیوە، لەماوەی ژیانیدا، ئۆستن تەنها شەش رۆمانی نووسیوە و بە ناوێکی پەنهانەوە بڵاویکردوونەتەوە، کە بەشێوەیەکی گشتی، سەرنجیان لەسەر ژیانی رۆژانەی چینی مامناوەندی ئینگلیزی بووە و سەربەخۆیی، هاوسەرگیریی، خۆڕاگریی و هەستانەوەی خانمانیان لەخۆگرتووە.
یەکەم رۆمانی ئۆستن بە ناونیشانی "Sense and Sensibility" لە ساڵی 1811 بڵاوکردووەتەوە، پاشان دووەم رۆمانی بە ناونیشانی "Pride and Prejudice" پاش دوو ساڵ لە نووسینی رۆمانی یەکەمی بڵاوکردووەتەوە و ستایشێکی گەورەی ناوەڕۆکەکەی کراوە، کە تاوەکو ئێستاش یەکێکە لە دیارترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەدەبیاتی ئینگلیزی.
دوو رۆمانی کۆتایی جەین ئۆستن، پاش مەرگ بڵاوبوونەتەوە، کە توانیویانە کاریگەریی لەسەر دیدگەی خوێنەرانی ئینگلیزی و پاشان جیهان دروستبکەن و ئێستا هەوێنی بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی سینەمایین.