وەزیری پەروەردە: بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژان چاوەڕێی وەڵامی بەغدادین

test
ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان. فۆتۆ: کەناڵ8

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی دابینكردنی بودجە بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژان، نووسراویان بۆ وەزارەتی دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە و چاوەڕێی وەڵامن.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی تەمووزی 2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراویان کردووە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی، بۆ دابینكردنی بودجە بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژان و سەرۆكوەزیرانی عێراقیش نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە، بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە دەرببڕن.

ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێی وەزیری دارایی عێراق و سەرۆکوەزیران دەکەن بۆ ئەوەی بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکەیان لەبارەی دابینکردنی پارە بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژان بدەنەوە.

گوتیشی، ئێمە داوای دابینکردنی پارەمان کردووە نەک بە گرێبەستکردنى وانەبێژان، چونکە ئێمە کاری بەگرێبەستکردنەکە دەکەین، بەغدادیش پارەکەی بۆ دابینبکات.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 37 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، کە مووچەی مانگانەیان لەنێوان 250 بۆ 400 هەزار دینارە.

loading....