چپسی پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانى ئوردن و سعودیە دەکرێت

بۆ‌ یەکەمجار لەرێگەی کۆمپانیای ئەربیل بەیروت بەرهەمی چپسی پەتاتەی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانى ئوردن و سعودیە دەکرێت.

وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ستافێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە پێکهاتبوون لە بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان و بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بەشداربوون لە رێوڕەسمی یەکەمین هەنگاوی هەناردەکردنی بەرهەمی چپسی پەتاتەی سروشتی بۆ هەر دوو ووڵاتی ئوردن و سعودیە به هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و هۆڵەندا و کۆمپانیای وەبەرهێنانی ئەربیل بەیروت".

وەزارەتەکە دەشڵێت: "هەناردەکردنی بەرهەمی چپسی سروشتی پەتاتە دەرفەتێکی گرنگ دەرەخسێنێ بۆ بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە و هاندانی زیاتری جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان، لەپێناو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بەپیشەسازیکردنی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان بە تایبەتی پەتاتە".