کچی حاکمی دووبەی هاوسەرەکەی لەڕێگەی پۆستێکەوە تەڵاقدا

لە زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەریت وایە کە وشەی "تەڵاقم دایت، تەڵاقم دایت، تەڵاقم دایت" لەلایەن پیاوانەوە بگوترێت، بەڵام کچی حاکمی دووبەی بە پێچەوانەی دابونەریتەکانەوە، لەرێگەی بڵاوکراوەیەکەوە هاوسەرەکەی ئاگادارکردەوە کە لێی جیابووەتەوە و سێ جار تەڵاقی دەدات.

لە بڵاوکراوەیەکدا، شێخە مەهرە کچی محەمەد بن راشد ئەلمەکتومی حاکمی دوبەی، لە هەژماری فەرمی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامدا نووسیویەتی، "هاوسەری ئازیزم، بەو پێیەی کە تۆ سەرقاڵیت لەگەڵ کەسانی دیکەدا، من لێرەوە جیابوونەوەمان رادەگەیەنم. تەڵاقم دایت، تەڵاقم دایت، تەڵاقم دایت... ئاگات لە خۆت بێت... هاوسەری پێشووت".

ئەم پۆستەی ئەلشێخە مەهر کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات و هەرای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نایەوە، بووە باسی میدیاکان، بەتایبەت کە بەو جۆرە جیابوونەوەی راگەیاندووە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ روونکردنەوەیەکی دیکە یان هۆکارەکان بدات.

هەروەها میدیا ناوخۆییەکانی وەک "خەلیج تایمز"، ئاشکرایان کردووە، دوو هاوسەرەکە یەکتریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لابردووە و وێنە هاوبەشەکانیان سڕیوەتەوە، لەوانەش وێنەی هاوسەرگیرییەکەیان.