حکومەتی ئەڵمانیا هۆکاری کێشە تەکنیکییە جیهانییەکە ئاشکرادەکات

حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، هۆکاری گرفتە جیهانییە تەکنیکییەکە کە زۆرینەی جیهانی گرتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەپدەیتێک، کە لەلایەن کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی کرۆودسترایکەوە بۆ یەکێک لە بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت ئەنجامدراوە.
محەمەد عەتا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆى ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەو گرفتە تەکنیکییەی کە زۆرینەی جیهانی گرتەوە بەهۆی ئەپدەیتێکەوە بوو کە لەلایەن کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی کروادسترایکەوە بۆ یەکێک لە بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت ئەنجامدرابوو".
محەمەد عەتا ئاماژەی بەوەشکردووە، گرفتەکە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە کایەکانی ژیان لە جیهاندا هەبووە، لە ئێستاشدا لەلایەن کۆمپانیای کراودسترایکەوە چارەسەرێکی بۆ ئەو کۆمپانیایانە دۆزییوەتەوە کە بەهۆی گرفتەکەوە زیانیان بەرکەوتووە".
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆى ئەڵمانیا هیچ ئاماژەیەکی نەدا لەبارەی بوونی هێرشی ئەلیکترۆنی لە رووداوی گرفتە تەکنیکییە جیهانییەکەی ئەمڕۆ.
هەر لەو بارەیەوە جۆرج کەرتز، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای کراودسترایک دەڵێت، "چالاکانە لەگەڵ هاوبەشە زیانلێکەوتووەکانمان کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و لە ئێستاشدا چارەسەرێکی دیاریکراو دۆزراتەوە".