مایکرۆسۆفت: گرفتە تەکنیکییە جیهانییەکە چارەسەرکرا

کەناڵ8 19/07/2024
test

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، ، بنەڕەتی گرفتە تەکنییکییە جیهانییەکە چارەسەرکرا، ئەمەش لە دوای ئەوەی چەندین گەشتی ئاسمانیی و سیستمی بانکی و خزمەتگوزاری دیکە بەهۆیەوە لەکارکەوتن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، گرفتێکی تەکنیکی فراوان بەرۆکی تۆڕەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری پەیوەست بە کەرتەکانی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان، دەزگا و ئاژانسە میدیاییەکان، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و سیستمە بانکییەکانی گرتەوە.

کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ئەمریکییە زەبەلاحەکان لە سەرەتای گرفتەکە گەشتەکانیان راگرت بەهۆی دروستبوونی کێشە لە پەیوەندییەکانیان، دوای ماوەیەک کۆمپانیاکان گوتیان "گەشتەکانمان دەستپێدەکاتەوە."

فڕۆکەخانەکانی دیکەی جیهانیش ئاماژەیان بەوەکرد، سیستمی تۆمارکردنی گەشتیارە هاتووەکانیان لەکارکەوتووە و ناچار دەبن بە رێگای لاوەکی کارەکانیان بەرێبکەن و ئەگەری دواکەوتنی گەشتەکانیش هەیە.

سەرەتای کێشەکان لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد لەو کاتەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، کێشە لە پلاتفۆرمەکانی ئازور دروستبووە، کە بەرنامەی کراودسترایک فالکۆنی بۆ بەکاردەهێنرێت بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشەکەی.

دواتر جۆرج کەرتز، سەرۆکی جێبەجێکاری کراودسترایک ئەوەی خستەڕو، "بریکارەکانمان توشی گرفتێک بوون کە پەیوەندی بە ئەپدەیتی یەکێک لە بەرنامەکانی ویندۆزەوە هەیە، کێشەکانمان دیاریکردوە و لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی."

دوای بڵابوونەوەی هەواڵەکە بە تەواوی جیهاندا، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای کراودسترایک بە رێژەی 20٪ دابەزی، لە لایەکی دیکەشەوە، پشکی کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت 1.9٪ی بەهاکەی لەدەستدا.

زیانەکانی گرفتی تەکنیکی جیهانی تەنها بەو دوو کۆمپانیایەوە نەوەستا، بەڵکو کاریگەری لەسەر پشکی کۆمپانیا ئەوروپییەکانیش هەبوو.

ئەو کۆمپانیا و فڕۆکەخانانەی سیستمەکانی مایکرۆسۆفتیان لە خزمەتگوزارییەکانیان بەکاردەهێنا مەحاڵبوو بتوانن خۆیان لە گرفتەکە رزگاربکەن، بەڵام هەرێمی کوردستان و عێراق لەم کێشەیە بەدوربوون.

کەناڵ8 بەدواداچوونی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە کرد بۆ ئاشکراکردنی کاریگەریی زیانەکە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق، لەو بارەیەوە دانا محەمەد، بەرێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە کەناڵ8ی گوت، "ئەو گرفتە جیهانییە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر فڕۆکەخانەکە نەبووە."

هاوکات پەیامنێری کەناڵ8 لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، جموجۆڵەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەوە دەردەخەن کە ئەو گرفتە تەکنیکییە جیهانییە کاریگەری نەکردووەتە سەر ئەو دامەزراوەی خزمەتگوزارییە.

دواتر دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانیی عێراق رایگەیاند، ئەو گرفتە تەکنیکییە جیهانییەی بەرۆکی جیهانی گرتووەتەوە دورە لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و کاریگەری لەسەریان نەبووە.

هاوکات، حارس عوبەیدی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد ئەوەی ئاشکرا کرد، "فڕۆکەخانەکەمان کاریگەری گرفتە تەکنیکییە جیهانییەکەی ناکەوێتە سەر چونکە کار بە سیستمەکانی مایکرۆسۆفت ناکەین."

لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ کاتژمێر بەسەر ئەم قەیرانە جیهانییە، جۆرج کەرتز، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای کراودسترایک لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی، "چالاکانە لەگەڵ هاوبەشە زیانلێکەوتووەکانمان کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و لە ئێستاشدا چارەسەرێکی دیاریکراو دۆزراتەوە".

19/07/2024
loading....