گرفتى تەکنیکى زیانى نزیکەى 16 ملیار دۆلارى بە کۆمپانیاى کراود سترایک گەیاند

دواى 14 کاتژمێر لە دروستبوونى گرفتى تەکنیکى لە کۆمپانیاى کراود سترایک و راگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان لە کیشوەرەکانى ئەوروپا و ئەمریکا و بەشێک لە ئاسیا، زیانەکانى پشکى کۆمپانیاکە گەیشتووەتە نزیکەى 16 ملیار دۆلار.
پشکەکانی کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی کراود سترایک، یەک لەسەر پێنجی بەهای خۆی لە بازرگانیکردن لە ئەمریکا لەدەستدا و بە رێژەی 21% دابەزینى تۆمارکردووە.
پاش ئەوەی کۆمپانیاکە تووشی گرفتێکى گەورەی تەکنیکى بوو، بووە هۆى راگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان لە بەشێک لە فڕۆکەخانەکانى ئەمریکا و ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانى ئاسیا و بۆ ماوەى 14 کاتژمێر سەدان گەشتى کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى هەڵوەشاندەوە.
دواى 14 کاتژمێر، لە دروستبوونى کێشەکە کۆمپانیاکە رایگەیاند، داواى لێبووردن لە بەکارهێنەران و گەشتیاران و ئەو لایەنانەى کەوتوونەتە ژێر گرفتە تەکنیکییەکەوە لە جیهاندا دەکات.
کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی کراود سترایک، کۆمپانیایەکى سەربەخۆیە بۆ ئاسایشى ئەلیکترۆنى جیهانى و رێگریى لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان دەکات.