داوادەکرێت قاوەی قەزوان بخرێتە لیستی تۆماری یەکێتی ئەوروپاوە

شارەوانی دیلۆکی باکووری کوردستان رایگەیاندووە، داوایان پێشکەش بە تۆماری یەکێتی ئەوروپا کردووە، تا قاوەی قەزوانی تایبەت بە ناوچەکە بخەنە لیستەکەیانەوە، داواکارییەکەش لە رۆژنامەی فەرمی یەکێتی ئەوروپادا بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، لە راگەیەندراوەکەدا کە شارەوانی دیلۆک بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، داوایانکردووە کە قاوەی قەزوانی دیلۆک بخرێتە لیستی تۆماری یەکێتی ئەوروپاوە و واچاوەروانیش دەکرێت دوای سێ مانگی دیکە بەفەرمی تۆمار بکرێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، لەگەڵ تۆمارکردنیشیدا، ژمارەی ئەو بەرهەمانەی دیلۆک کە لە لیستی تۆماری یەکێتی ئەوروپادا تۆمارکراون بۆ سێ بەرهەم زیاد دەکات.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە:
"قاوەی قەزوانی دیلۆکی باکووری کوردستان، کە یەکێکە لە خواردنەوە بەناوبانگەکانی ئەم ناوچەیە، لە رێگەیدایە بەرەو بەجیهانیی بوون. دوای ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەی کە یەکێتی ئەوروپا بە هاوبەشی لەگەڵ شارەوانی ناوچەکەدا ئەنجامی داوە، ئەو قاوەیە کە بەتایبەتمەندییە ناوخۆیی و سروشتییەکانی ناسراوە لەگەڵ سوودە زۆرەکانیدا، دەخرێتە لیستی ئەو تۆمارەوە و دەچێتە پاڵ پاقلاوای دیلۆک و سیری عەرەبی ناوچەکە. ئەمەش وادەکات ژمارەی ئەو بەرهەمانەی کە لەو لیستەدا تۆمارکراون ببن بە سێ دانە، دوابەدوای ئەمەش داواکاری بۆ تۆمارکردنی چەندین بەرهەمی ناوخۆیی دیکەی تایبەت بە ناوچەکە پێشکەش دەکرێن".