ناوی سەرجەم سێ یەكەمەكانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی كوردستان

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتى هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلى 12ـی ئامادەیی راگەیاند و لەسەر ئاستى کوردستان، هەشت کەس یەکەم بوون، 16 كەس دووەم و 19 خوێندکاریش سێیەم بوون.
هەر سێ یەکەمەکەى بەشى زانستی، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە شارى سلێمانى بوون، بە کۆنمرەى 700 و پێکهاتبوون لە، ئاران لوقمان حەمەغەریب، ئەژی دارا جەلال و دیما هیوا عەلی.
لە بەشی وێژەیی لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، تەنیا یەک خوێندکار پلەى یەکەمى بەدەستهێناوە، ئەویش، ئیمان رەمەزان سەعید لە شارۆچکەى ئاکرێ لە پارێزگاى دهۆک بووە، بە کۆنمرەى 696.
هەرچى یەکەمەکانی بەشە پیشەییەکانیشە، چوار خوێندکار بوون، سیانیان لە پارێزگاى سلێمانى بوون، ئەوانیش، ئاسوودە جەزا کەریم، راستی رۆژگار کامەران، شێوە جەمال حەمەساڵح لە پارێزگاى سلێمانى و مەروا شێرزاد خزر لە پارێزگاى هەولێر.
دووەمەکانی بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش 16 خوێندکار بوون، هەشتیان لە پارێزگاى سلێمانى بوون و سێ خوێندکار لە پارێزگاى هەولێر و دووانى دیکەش لە پارێزگاى هەڵەبجە و سێ خوێندکارى دووەمى دیکەش لە ئیدارەکانى راپەڕین و گەرمیان و شارۆچکەى چەمچەماڵ بوون.
سێیەمەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەشەکانى وێژەیی، زانستی و پیشەیی 19 خوێندکار بوون و هاوشێوەى یەکەم و دووەمەکان، زۆرینەیان لە سلێمانى بوون، کە نۆ خوێندکارن، لەسەر ئاستى پارێزگاى هەولێریش پێنج خوێندکار یەکەم بوون و دوو خوێندکاریش لە پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى راپەڕینیش دوو خوێندکار و لە گەرمیانیش خوێندکارێک بە کۆنمرەى 99.4 سێیەمى هەرێمى کوردستان بوون.
لێژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە رێگەی ماڵپەری ئەزموونەکانەوە، بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەنجامی 122 هەزار و 15 خوێندکارى لقەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی پۆلی 12ـی لە هەر هەشت پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردە، 43 خوێندكار یەكەم و دووەم و سێیەم بوون لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان
31 خوێندكار لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینن كە 72% دەكات
12 خوێندكار لە هەولێر و دهۆك بوون كە 28% دەكات
یەکەمەکان
بەشى زانستى
سێ خوێندکار سەرجەمیان لە سلێمانى
بەشی وێژەیی
یەک خوێندکار لە ئاکرێ
دووەمەکان
16 خوێندکار
هەشت لە پارێزگاى سلێمانى
سێ لە پارێزگاى هەولێر
دوو لە پارێزگاى هەڵەبجە
یەک لە ئیدارەى راپەڕین
یەک لە گەرمیان
یەک لە چەمچەماڵ
سێیەمەکان
19 خوێندکار
نۆ لە سلێمانى
پێنج لە هەولێر
دوو لە دهۆک
دوو لە ئیدارەى راپەڕین
یەک لە گەرمیان