د. دەوەن حەوێزی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 باسی لە هۆکارە جیاوازەکانی سکئێشە کرد و گووتی: لەبەرئەوەی پێکهاتەکانی ناو سک زۆرن، هۆکارەکانی سکئێشە جۆراوجۆرن و هەر ئازارێک دەکرێت چەندین لێكدانەوەی بۆ بکرێت. پزیشکی پسپۆڕ، بەگوێرەی ئەزموون، پرسیارکردن لە چارەخواز و ئەو پشکنینانەی بۆی دەکات، دیاریدەکات کە هۆکاری ئازارەکە چییە و دەبێت چی چارەسەرێک وەربگرێت.
پزیشکەکەی نەشتەرگەری گووتی: کە چارەخواز دێتە لای پزیشک، سەرەتا پزیشکەکە کۆمەڵێک نەخۆشی دەخاتە مێشکی خۆیەوە، دواتر وردە وردە هەندێک لە نەخۆشییەکان تەرکدەکات تاوەکو دەگات بە دەستنیشانکردنی کۆتایی.
بۆنموونە کە چارەخواز تەمەنی خۆی دەڵێت، راستەوخۆ هەندێ نەخۆشی لە لیستەکەدا تەرک دەکرێن، چونکە بەشێک لە نەخۆشییەکان زیاتر لە تەمەنێکی دیاریکراودا روودەدەن. رەگەز یەکێکی دیکەیە لە یارمەتیدەرەکان، بۆنموونە ئەگەر چارەخوازەکە خانم بێت، سکئێشە دەکرێت بەهۆی گرفتی هێلکەدان یان دووگیانیی دەرەوەی منداڵدانەوە بێت، بەڵام لە پیاواندا بیر لەو هۆکارانە ناکرێتەوە.
جگە لەمانەش، شێوازی ئازارەکە، کاتی دەستپێکردن، خێرایی زیادبوونی ئازارەکە و گۆڕانی شوێنەکەی یارمەتیدەرێکی سەرەکیی پزیشکانن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکاندا.
بۆنموونە ئەگەر ئازارێک لە بەشی سەرەوەی لای راستی سک بێت، گومانەکە زیاتر بۆ نەخۆشییەکانی جگەر یان تورەکەی زراو دەچێت، بەڵام ئەگەر ئازارەکە لە بەشی خوارەوەی لای راست بێت، زیاتر گومان لە هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە دەکرێت.
سەبارەت بە ئازاری ریخۆڵەکوێرە، د. دەوەن باسی لەوە کرد سەرەتا ئازاری ریخۆڵەکوێرە لە گەدەوە دەستپێدەکات، دواتر بەرەبەرە دەچێتە دەوری ناوک و ئینجا ئازارەکە دەچێتە خوارەوەی لای راستی سک.
جگە لە ئازار، تووشبووی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە، لەوانەیە هێڵنجدان و رشانەوە، تا و نەمانی ئارەزووی خواردنی هەبێت.
پزیشکە کوردەکە، داوای لە چارەخوازان کرد کە لە کاتی بوونی ئازارێک کە گومانی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی لێدەکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی دێنە نەخۆشخانە و پزیشکی پسپۆڕ دەیانبینێت، دەرزیی ئازارشکێن وەرنەگرن، چونکە جۆر و شێوازی ئازارەکە یارمەتیی پزیشکەکە دەدات باشتر لە نەخۆشییە تێبگات.