چۆن هاوسەنگی نێوان کار و ژیانی تایبەتیت رادەگریت؟

لەکاتێکدا کە سەرکەوتن لە ژیانی پیشەییدا گرنگە بۆ بەدەستهێنانی گرەنتی دارایی، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت تاکەکان کاتیان هەبێت بۆ ژیانی تایبەتییان و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، لەگەڵ بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزان و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانیاندا، چونکە ئەمە بە نهێنی و کلیلی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و دڵخۆشی دادەنرێت.

بۆیە گرنگە کە ستراتیجی روونمان هەبێت بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ژیانی پیشەیی و تایبەتیدا، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک رێگەچارە دەخەینەڕوو:

دیاریکردنی پێشینەکانت:

گرنگە هەنگاوێک بەرەو دواوە بنێیت، بۆئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کاتانە بکەیت کە بەسەریان دەبەیت، هەروەها بە ئامانجەکانتدا بچیتەوە و پێشینەکانت دیاری بکەیت.

لەدوای دیاریکردنی پێشینەکانی ژیانت و پلاندانان بۆ بەڕێوەبردنی کاتەکانت، دەتوانیت هەست بە دڵخۆشی و رازی بوون لە ژیانت بکەیت، تەنانەت باشتر هەنگاو بنێیت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانت و بەجێهێنانیان بەسەرکەوتوویی.

لیستی پێویستییەکانت دابنێ:

کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بە دروستکردنی هاوسەنگییەوە هەیە لە نێوان کارەکەت و ژیانی تایبەتیتدا، گرنگە بتوانیت کاتەکانت بەباشی بەڕێوە ببەیت، بۆ ئەمەش لیستی ئەو کارانەت دیاری بکە کە دەبێت ئەنجامیان بدەیت، بەم جۆەرەش بە ئاسانی رۆژەکەت رێکدەخەیت و دووردەکەویتەوە لە بەفیڕۆدانی کاتەکانت، سەرنج دەخەیتە سەر ئەوەی بە رێک و پێکی ئەرکەکانت بەجێبگەیەنیت.

لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەتدا قسە بکە:

دەکرێت لە شوێنی کارەکەت فشارێکی زۆرت لەسەر بێت و ئەمەش هۆکاربێت بۆ ئەوەی زۆرینەی کاتەکانت بە کارکردن بەسەر ببەیت و هەست بە نیگەرانی بکەیت، بۆ چارەسەری ئەمەش دەتوانیت لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەت کار بکەیت، بۆئەوەی هاوکاریت بکات بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی کارەکەت.

ئەم گفتوگۆیەش بە ئارامی بکە و لەکات و شوێنی گونجاودا ئەنجامی بدە، بۆئەوەی پەیامەکەت بە دروستی بگات و هاوکارت بێت لە دۆزینەوەی چارەسەرەکان، تا بتوانیت بەباشی هاوسەنگی لە نێوان ژیانی تایبەتی و پیشەییتدا دروست بکەیت.

مۆڵەت وەربگرە:

کاتێک هەست دەکەیت فشاری کارکردن زۆر بووە کاریگەریی لەسەر ژیانی تایبەتی و خێزانیت دروست کردووە، مۆڵەت وەربگرە و بۆماوەیەکی کاتی لە کارکردن دووربکەوەرەوە، بۆئەوەی بتوانیت کات لەگەڵ خێزانەکەت بەسەر ببەیت و ئەو شتانە بکەیت کە بەهۆی کارکردنەوە لێیان دوورکەوتبوویتەوە.

ئەم هەنگاوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر توانای کارکردنت دەبێت و تەنانەت وادەکات دوای گەڕانەوەت بۆ سەر کارەکەت وزەیەکی زیاترت هەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووربکەوەرەوە:

بۆئەوەی بتوانیت هاوسەنگییەکی تەندروست لە نێوان کار و ژیانی تایبەتیدا دروست بکەیت، باشترە دووربکەویتەوە لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە هۆکارێکن بۆئەوەی کاتەکانت بەفیڕۆ بچێت و دووربکەویتەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت، تەنانەت ئەو کاتانەش کە لەگەڵ خێزانەکەتدایت سەرنجت دەبات و دوورت دەخاتەوە لێیان.

بۆیە ماوەی جارێک دووربکەوەرەوە لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاتە بەتاڵەکانت بە بەهێزکردنی پەیوەندیت لەگەڵ چواردەورت بەکاربهێنە.

کۆمەڵێک رێنمایی دیکە:

- کار لەگەڵ خۆتدا مەبەرە ماڵەوە، دوای کۆتایی هاتنی کاتی کارەکەت بەهیچ جۆرێک بیر لە کار مەکەرەوە و هەوڵبدە بحەوێیتەوە و کاتەکانی دەرەوەی کارەکەت بۆخۆت تەرخان بکەیت.

- دوای کارکردن وەرزش بکە، وەک رۆیشتن بە پێ یان یۆگا، بۆئەوەی لە دڵەڕاوکێ رزگارت ببێت.

- هەوڵبدە راهێنانەکانی وەک میدیتەیشن یان بیرکردنەوەی ئەرێنی بکەیت بۆ ئارامکردنەوەی مێشک و بیرت.

- لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە قسە لەگەڵ هاوڕێ یان ئەندامانی خێزانەکەت بکە، بۆئەوەی دووربکەویتەوە لە بیرکردنەوە لەبارەی کارەکەتەوە.

- رۆتینێک دابنێ بۆ کاتی گەڕانەوەت بۆ ماڵەوە، کە رۆژانە کاتبەسەربردن لەگەڵ خێزان و کەسە نزیکەکانتی تێدا بێت.