ئەمڕۆ سێ هاونیشتمانى لە سنووری کۆیە و چەمچەماڵ و زاخۆ لەکاتى مەلەکردندا لە زێى بچووک و گەورە خنکان، تاوەکو ئێستا تەرمی یەكێكیان نەدۆزراوەتەوە.
پەیامنێرى کەناڵ8 رایگەیاند، "هاونیشتمانییەکى تەمەن 25 ساڵ لە سنووری گوندی گۆپتەپە لە زێی بچووک خنکا و هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە".
بە گوێرەى زانیارییەکان، ئەو کەسە ژنێکى دووگیانبووە و دانیشتووی ناحیەی تەکیە بوو لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.
هاوکات، بەرگریی شارستانی هەولێر رایگەیاند، "کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ هاونیشتمانییەک بەمەبەستی مەلەکردن چووەتە زێی گەورە لە گوندی ئەبوشیتە ناحیەی گوێر و خنکاوە".
بەگوێرەى راگەیەندراوى بەرگریى شارستانى هەولێر، "ئەو هاونیشتمانییەى خنکاوە ناوی ئەحمەد محەمەدە و تەمەن 30 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی حەی شورتەی شاری هەولێرە و کاتژمێر 6ـی ئێوارەى ئەمڕۆ تەرمەکەى دۆزرایەوە.
گیانلەدەستدانى ئەو دوو کەسە لە کاتێکدایە، کاتژمێر چواری ئێوارە لە رووباری خابیر لە سنووری زاخۆ کەسێکی دیکەش خنکا و پەیامنێرى کەناڵ8 رایگەیاند، ئەو کەسە تەمەنى 55 ساڵ بووە و دوای 30 خولەک لە خنکانى تەرمەکەى دۆزراوەتەوە.