بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کراود سترایک رایگەیاند، 97%ـى گرفتە تەکنیکییەکانى سیستمى ویندۆز چاککراونەتەوە و بەردەوامن لە چارەسەرکردنى گرفتەکانى دیکە.
جۆرج کورتز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کراود سترایک پەیامێکى ئاراستەى کڕیارە زیانلێکەوتووەکانى کۆمپانیاکە کرد و رایگەیاند، "پشوو نادەن تاوەکو سەرجەم گرفتە تەکنکیکییەکان چارەسەرنەکەن.".
دواى ئەوەى هەفتەی رابردوو بەهۆى نوێکردنەوە لە سیستمى ویندۆزى کۆمپانیاى مایکرۆسۆفت، لەلایەن کۆمپانیای کراود سترایک، پچڕانى ئەلیکترۆنى لە بەشێک لە وڵاتانى جیهاندا روویدا و سەدان گەشتى ئاسمانى و کاروبارى بانکى لە بەشێک لە وڵاتان وەستان و کۆمپانیاکەش نزیکەى 16 ملیار دۆلار لە پشکەکانى لە بۆرسەدا لەدەستدا.
کۆى گشتى سەرمایەى کۆمپانیاى کراود سترایک بە سێ ملیار و 440 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و لەساڵى رابردوودا سەرمایەکەى 34% زیادیکردووە و قازانجى بەدەستهاتووى لەساڵى 2023 دا 282 ملیۆن دۆلار بووە.