فۆرمی وەرگرتنی زەوی نادرێت بە بەشێك لە خانەنشینان

دیمەنی دیاریکردنی زەویی بۆ دابەشکردن

بە گوێرەی بەدواداچوونێکی کەناڵ8، فۆرمی وەرگرتنی زەوی نادرێت بە خانەنشینانی یەکەی 70 چونکە، ئەو خانەنشینانە تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی، نەخراونەتە سەر بەرێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان.

لە سبەینێوە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە رێگەی ئەو بانکانەی مووچەی لێ وەردەگرن، فۆرمی وەرگرتنی زەویش وەربگرن و پڕی بکەنەوە.

لەشکر ئیبراهیم، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان، بە کەناڵ8ى راگەیاند: هەموو ئەوانەى بەگوێرەى رێنماییەکان سوودمەند نەبوون لەوەرگرتنى زەوى لەرابردوودا، دەتوانن لە رۆژى دووشەممە 29ى تەمموزەوە سەردانى بانکەکان بکەن و فۆڕمى پێدانى زەوى وەربگرن و دواى پڕکردنەوەى لەرێگەى بەڕێوەبەرایەتییەکانى خانەنشینییەوە بیگەڕێننەوە.

بەڵام بەگوێرەى بەدواداچوونێكی كەناڵ8، خانەنشینانى یەکەى حەفتا لەم قۆناغەدا ناتوانن فۆرمەکان پڕبکەنەوە، هۆکارەکەشى ئەوەیە ئەو خانەنشینانە تاوەکو ئێستا مامەڵەکانیان بەفەرمى نەگوازراوەتەوە سەر بەرێوەبەرایەتى گشتیی خانەنشینیی وەزارەتى دارایی.

هەربەگوێرەى بەدواداچونەکە، ئێستا هەردوو وەزارەتى دارایی و پیشمەرگەو یەکەى حەفتا دەستیانکردووە بە گواستنەوەى سەرجەم خانەنشینان بۆسەر بەڕێوەبەرایەتى گشتى خانەنشینى وەزارەتى دارایی و بڕیارە لەماوەى دوومانگدا سەرجەمیان بگوازرێنەوە.

خانەنشینانى یەکەى حەفتا بەهۆى ئەوەى دۆسیەکانیان نەگوازراوەتەوە سەر وەزارەتى دارایی بەغداد مووچەى هەردوو مانگى ئایارو حوزەیرانى بۆنەناردن و لە داهاتى ناوخۆ مووچەکانیان پێدرا.