پەیامنێرى کەناڵ8 رایگەیاند "لەبەرەبەیانى ئەمڕۆوە ئاگرێکى گەورە لە شاخى گۆیژە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا ئاگرەکە بە تەواوەتى کۆنترۆڵ نەکراوە".
پەیامنێرى کەناڵ8 ئاماژەى بەوە کرد "بەهێزى ئەو رەشەبایەى کە رووى لەشارى سلێمانى کردووە تارادەیەک رێگریى دەکات لەوەى تیمەکانى بەرگریى شارستانى بتوانن بە زوویى کۆنترۆڵى ئاگرەکە بکەن".
بەڕێوەبەرى بەرگریى شارستانى سلێمانى بە کەناڵ8ـى راگەیاند " لەکاتژمێر ٣ى بەرەبەیانى تیمەکانمان لە کەوتنەوەى ئاگرێکى گەورە لەسەر شاخى گۆیژە ئاگادارکرانەوە".
گوتیشى "دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنى ئاگرەکە و لە هەوڵى کۆنترۆڵکردنى تەواوەتى ئاگرەکەداین".
روونیشیکردەوە "هەوڵ دەدەین ئاگرەکە تەشەنە نەکات بۆ دارستانەکانى خوار شاخەکە و بەهێزى رەشەباکەش رێگریى کردووە لەوەى بتوانین بەزوویى ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین".
جەختیشیکردەوە "بەشێوەیەکى فراوان ئاگرەکە بڵاوەى کردووە بە شاخى گۆیژەدا و هێشتا هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە".