پەیامنێرى کەناڵ8 رایگەیاند "لەئەنجامى ئەو ئاگرە گەورەیەى کە لەشاخى گۆیژە کەوتەوە زیاتر لە 200 دۆنم زەوى شاخەکە سوتاوە".
گۆران لوقمان، پەیامنێرى کەناڵ8 ئاماژەى بەوە کرد "لەئێستادا ئاگرەکەى شاخى گۆیژە کۆنترۆڵکراوە و هەموو تیمەکانى بەرگریى شارستانی شاخەکەیان بەجێهێشتووە".
گوتیشى "ئاگرەکە ماوەى چوار کاتژمێر بەردەوام بوو، سەرجەمى تیمەکانى بەرگریى شارستانیى سلێمانى لەشوێنى ئاگرەکە بوون".
روونیشیکردەوە "ئەو رەشەبا بەهێزەى لەکاتژمێرێکدا زیاتر لە 60 کیلۆمەتر دەبڕێت ئاستەنگى زۆرى بۆ تیمەکانى بەرگریى شارستانى دروستکرد کە نەتوانن لەکاتێکى زووتردا کۆنترۆڵى ئاگرەکە بکەن".
ئاماژەى بەوەش کرد "دانانى ئاگربڕ لەبەشێک لە شاخى گۆیژە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەى ئاگرەکە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات".
گوتیشى "تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان نەگەیشتوون بەوەى کە هۆکارى ئاگرەکە چى بووە و قەبارەى زیانەکانى چەندن".
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە کەناڵ8ـى راگەیاند "لەدواى چوار کاتژمێر توانرا کۆنترۆڵى ئاگرە گەورەکەى شاخى گۆیژە بکرێت".
پێشتر بەڕێوەبەرى بەرگریى شارستانى سلێمانى بە کەناڵ8ـى گوت"لەکاتژمێر3ـى بەرەبەیانى تیمەکانمان لە کەوتنەوەى ئاگرێکى گەورە لەسەر شاخى گۆیژە ئاگادارکرانەوە".
گوتیشى "دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنى ئاگرەکە و لە هەوڵى کۆنترۆڵکردنى تەواوەتى ئاگرەکەداین".
روونیشیکردەوە "هەوڵ دەدەین ئاگرەکە تەشەنە نەکات بۆ دارستانەکانى خوار شاخەکە و بەهێزى رەشەباکەش رێگریى کردووە لەوەى بتوانین بەزوویى ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین".
جەختیشیکردەوە "بەشێوەیەکى فراوان ئاگرەکە بڵاوەى کردووە بە شاخى گۆیژەدا و هێشتا هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە".