بەنزین ماددەیەکی کیمیایی بێڕەنگ و هەندێک جار زەردی کاڵە کە توانای سووتانی زۆر بەرزە. ئەم ماددەیە لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیدا، زۆری بە خێرایی دەبێت بە هەڵم و بە هەوادا بڵاودەبێتەوە، هاوکات خودی سووتانی ماددەی بەنزینیش لە هۆکارەکانی گواستنەوەدا، دووبارە هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی چەندین ماددەی ژەهراوی لە بەرگەهەوای زەویدا.
لە کاتی سووتانی بەنزین، هەر یەکە لە گازەکانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدی نایترۆجین، ئەڵدیهاید، کیتۆن، کاربۆنی تاک ئۆکسجین و کۆمەڵێک ماددەی دیکە لە هەوادا بڵاودەبنەوە کە کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر ژینگە و جەستەی مرۆڤ دەبێت.
ژمارەی ئۆتۆمبیل و هۆکارەکانی گواستنەوە لە جیهاندا زۆرن. بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 1.5 ملیار ئۆتۆمبیل لە جیهاندا هەیە، ئەمەش وێڕای بوونی بارهەڵگر، شەمەندەفەر و ماتۆرسکیلەکان، بۆیە هەوای ژینگەی دەوروبەر لە ئەنجامی کارکردنی بەردەوامی هۆکارەکانی گواستنەوە، پیسبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بێگومان ئەم پیسبوون و گۆڕانکارییە، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت.
کاریگەرییەکان
ناوەندی جڵەوکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا باس لەوە دەکات کە بەرکەوتنی مرۆڤ بە ماددە ژەهراوییەکانی بەنزین، هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی چەندین کاریگەریی نەرێنیی ماوە درێژ، بە جۆرێک وا دەکات خانەکان بە شێوازێکی راست و دروست کارەکانی خۆیان جێبەجێ نەکەن، بۆ نموونە ئەو ماددە کیمیاییانەی لەگەڵ سووتانی بەنزیندا بە هەوادا بڵاودەبنەوە، هۆکارن بۆ لاوازبوونی مۆخی ئێسک و کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن کە دەکرێت سەربکێشێت بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشیی کەمخوێنی. بە هەمان شێوە، دەشێت خودی ئەم ماددە کیمیاییانە کاریگەرییان لەسەر کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ هەبێت و ئاستی دژەتەن و خڕۆکە سپییەکان لە سووڕی خوێندا کەمبکەنەوە. بێگومان لێکەوتی ئەم گۆڕانکارییەش خۆی دەبینێتەوە لە دابەزینی ئاستی بەرگریی کەسەکەدا و بێتوانایی لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکاندا.
لەلایەکی دیکەوە، دەکرێت زۆر هەڵمژینی بەنزین لە هەوادا خانمان تووشی ناڕێکیی سووڕی مانگانە و نەخۆشییەکانی هێلەکەدان بکات، تەنانەت کاریگەریی لە سەهەڵدانی نەزۆکیشدا دەبێت.
هەڵبەتە ئەم کاریگەرییانە پشت دەبەستن بە ماوەی بەرکەوتن بە ماددەی ژەهراوییەکانی نێو بەنزین، هاوکات بوونی نەخۆشیی درێژخایەن و بەساڵاچوون، وا دەکەن کاریگەرییەکان زووتر دەربکەون.
یەکێکی دیکە لە مەترسییە گەورەکان، پەیوەستە بە سەرهەڵدانی شێرپەنجەوە. بەرکەوتنێکی ماوەدرێژ بە ماددەی بەنزین و پاشماوەکانی پاش سووتان، دەکرێت شێرپەنجەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بهێننەئاراوە.
پێشگیریکردن
ناوەندە جیهانییەکانی بواری تەندروستی بەردەوام هۆشداری لەبارەی پیسبوونی ژینگە و هەواوە دەدەن. ئاشکرایە کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم تێکچوونە، بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوەیە؛ ئەوانەی بە بەنزین کاردەکەن. لەم سۆنگەیەوە بەشێک لە وڵاتانی جیهان لە هەوڵی گۆڕینی سیستمی هۆکارەکانی گواستنەوەدان، لە جۆرە باو و کولتوورییە زیانبەخشەکەوە بۆ ئۆتۆمبیلە کارەباییەکان، چونکە ئەم ئۆتۆمبیلە نوێیانە لەڕێگەی وزەی خاوێنەوە کاردەکەن و بە هیچ جۆرێک نابنەهۆی پیسبوونی هەوا. هەڵبەتە ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەسەر ئاستی جیهان لە بەکارهێناندان و قۆناغ بە قۆناغ کار بۆ بەرفراوانکردنی ئەم پڕۆژەیە دەکرێت.