دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی سەرۆککۆمار بڕیاریدا

دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە بەرژەوەندیی سەرۆککۆمار بڕیاریدا و دەڵێت، سەرۆککۆمار دەتوانێت پرۆژە یاسا پێشکەش بە ئەنجوومەنى نوێنەران بکات.
دادگاى باڵاى فیدراڵى لە وەڵامى نوسراوێکى سەرۆککۆمار کە داواى روونکردنەوەى دەقى بڕگەى یەک لە ماددەى 60ى دەستوورى کردووە، رایگەیاندووە، بەگوێرەى دەستوور پێشکەشکردنى پرۆژە یاساکان لە تایبەتمەندى دەسەڵاتى جێبەجێکارییە، بڕگەى یەک لە ماددەى 60ـی دەستوور باسیلەوەکردووە، جێبەجێکاران کە بریتین لە سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنى وەزیران دەتوانن پرۆژە یاسا پێشکەش بکەن.
دادگاى فیدراڵى ئاماژەى بەوەشکردووە، سەرۆککۆمار دەتوانێت پرۆژە یاسا پێشکەش بە ئەنجوومەنى نوێنەران بکات، جگە لە پرۆژە یاساى بودجە و ژمێرەى کۆتایی کە رێگەپێدراو نیە سەرۆککۆمار پێشکەشیان بکات، بەڵکو بە گوێرەى بڕگەى چوار لە ماددەى 80ـی دەستوور تەنیا لە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیراندایە.