رۆژنامەیەکی بەریتانی نهێنییەک لەسەر کوژرانی ئیسماعیل هەنییە ئاشکرادەکات

test
شوێنى بەئامانجگرتنى ئیسماعیل هەنییە

دوو بەرپرسی ئێرانی بە رۆژنامەی 'دەیلی تێلێگراف'ـى بەریتانییان راگەیاندووە، پلانی ئیسرائیل ئەوە بووە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئیبراهیم رەئیس، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێراندا ئیسماعیل هەنییە بکەن بەئامانج، بەڵام لە ترسی شکستهێنانی پلانەکەیان گۆڕیوە.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، لە شوێنی بەئامانجگرتنەکەی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس، چەند بۆمبێکی چێنراوی دیکە دۆزراونەتەوە، بەگوتەی ئەو بەرپرسە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل 'مۆساد' چەند ئەندامێکی ئەمنی ئێرانی بەکرێ گرتووە، بۆ دانانی بۆمبی چێنراو لە ژوورەکەی هەنییەدا.

 بەگوێرەی زانیارییەکانی 'تێلێگراف' ، بۆمبە چێنراوەکان لەچەند ژوورێکی جیاوازدا دانراون، بۆ دڵنیابوونەوە لەو ژوورەی کە 'هەنییە'ـى تێدا دەبێت و لە دوورەوە کۆنتڕۆڵکراون.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس و پاسەوانێکی تایبەتیی راگەیاند، لە کاتێکدا لە شوێنی حەوانەیان بوون لە ناوچەی زەعفەرانییە لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەی پێشوازی لە میوانان، کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە پاسەوانی دەکرێت.

 سوپای پاسداران رایانگەیاند، لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە هێرشەکە بە مووشەک لە لایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.