رەنگی خوێنی سووڕی مانگانەی خانمان لە سوورەوە بۆ هەر رەنگێکی دیکە، دەکرێت یەکێکبێت لەو نیشانانەی کە خانمەکە ئاگاداردەکاتەوە لە نائاساییبوونی دۆخی تەندروستیی.
لەکاتی سووڕی مانگانەدا، ناوپۆشی منداڵدان دادەماڵرێت و لەشێوەی خوێن بە زێدا دێتە دەرەوە، ئەم خوێنە دەکرێت رەنگەکەی سوورێکی گەشبێت یان تەنانەت قاوەییش بێت، ئەمەش بە گوێرەی تازەیی و کۆنی خوێنەکە دەگۆڕرێت.
ئەو خوێنەی بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو منداڵداندا دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئۆکسجیندا کارلێکدەکات و وای لێدێت لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا رەنگی خوێنەکە تۆخترببێت و بەرەو رەنگی قاوەیی بچێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، چەند گرفتێکی تەندروستی دەکرێت هۆکاربن بۆ گۆڕانی رەنگی خوێنەکە و لەم راپۆرتەدا بەوردی باس لە هەر یەکێک لە رەنگەکان و هۆکارەکانیان دەکرێت.
رەنگی رەش
خوێنی رەش زیاتر لەو کاتانەدا دەبینرێت کە خانمەکە لە سەرەتا یان کۆتایی ماوەی خوێندانانەکەیدایە.
رەنگی رەش بە گشتی مانای خوێنی کۆن دەدات، واتا خوێنەکە ماوەیەکی زۆر لەناو منداڵداندا ماوەتەوە و کاتی پێویستی هەبووە بۆ کارلێککردن لەگەڵ ئۆکسجین و تۆختربوونی بۆ قاوەیی و پاشان بۆ رەش.
خوێنی رەش هەندێجار دەکرێت نیشانەی گیرانی زێ بێت .
هەندێک لە نیشانەکانی گیرانی زێش دەکرێت ئەمانەبن:
- بۆنی ناخۆشی دەردراوی زێ
- تا
- میزکردن بە قورسی
- خوران و ئاوسانی دەوروبەری زێ
قاوەیی یان سووری تۆخ
وەکو خوێنی رەش، خوێنی قاوەیی یان سووری تۆخ دەکرێت نیشانەی کۆنی خوێنەکە بێت کە دەکرێت لە سەرەتا یان کۆتایی سووڕەکەدا دەربکەوێت.
دەکرێت هۆکاری دیکەشی هەبێت وەکو:
دووگیانی
خوێنی قاوەیی هەندێجار دەکرێت نیشانەی سەرەتاکانی دووگیانی بێت.
دەردراوی قاوەیی لەکاتی دووگیانیشدا دەکرێت نیشانەی لەبارچوون یان دووگیانی دەرەوەی منداڵدانبێت واتا، منداڵەکە لە جۆگەی فالوپ دەچێنرێت لەکاتێکدا دەبێت لە ناوپۆشی منداڵداندابێت، هەربۆیە گرنگە ئەگەر خانمێکی دووگیان خوێنی لێهات، سەردانی پزیشکەکەی بکات.
خوێنلێهاتنی پاش دووگیانی
خوێنی سووری تۆخ یان قاوەیی پاش منداڵبوون ئاساییە و پێویست بە ترسی خانمەکە ناکات، چونکە پاش منداڵبوون جەستەی خانمەکە خوێن و شانەکانی ناوپۆشی منداڵدان لە شێوەی خوێن دەکاتە دەرەوە.
ئەم جۆرە خوێنلێهاتنە زۆرینەی کات بە خوێنێکی سووری گەش دەستپێدەکات و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و کەمبوونەوەی رێژەی خوێنەکە، رەنگەکەی دەگۆڕێت بۆ سوورێکی تۆختر و پاشان زۆر کەم و کاڵ دەبێتەوە.
ماوەی ئەم خوێنلێهاتنە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی دیکە دەگۆڕیت و دەکرێت چەندین مانگ بخایەنێت، تەنانەت دەکرێت هەندێک خانم تووشی ئەم خوێنلێهاتنە نەبن.
لەکاتی هەبوونی خوێنێکی زۆر و نائاساییدا، پێویستە خانمەکە سەردانی پزیشکەکەی بکات.
ناڕێکیی سووڕی مانگانە پاش منداڵبوون، دیاردەیەکی ئاساییە و بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە روودەدات کە بەسەر هۆرمۆنەکانی خانماندادێت لەو ماوەیەدا.
سووری گەش
خوێنێکی ئاڵ بە مانای خوێنێکی ئاسایی دێت، بە گشتی دەکرێت سووڕی مانگانە بە خوێنێکی ئاڵ دەستپێبکات و لەگەڵ کۆتاییهاتنیدا رەنگەکەی تۆختر ببێت.
خوێنلێهاتن لە نێوان ماوەی خوێندانانەکانی مانگێک بۆ مانگێکی دیکە، دەکرێت نیشانەی هەوکردنێکی بەسێکسگوازراوە بێت وەکو گۆنۆریا و کلامیدیا.
گەورەبوونی ناوپۆشی منداڵدان یان دروستبوونی گۆشتی زیادە تیایدا، بە هەمان شێواز هۆکارن بۆ خوێنبەربوونی توند و نائاسایی.
لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، دەکرێت خوێنلێهاتنێکی نائاسایی، یەکێکبێت لە نیشانەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان، بەشێکی دیکە لە نیشانەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان ئەمانەن:
- سووڕی مانگانەی توندتر لە پێشتر
- خوێنلێهاتن پاش پەیوەندیی سێکسی
- بۆنی ناخۆشی دەردراوی زێ
- ئازاری خوارەوەی پشت، حەوز یان قاچ
- لەدەستدانی ئارەزووی خواردن
- دابەزینی کێشی بێ هۆکار و بێ پلان
- ماوەی خوێندانانی درێژتر لە پێشتر
پەمەیی
یەکێک لە هۆکارەکانی خوێنێکی پەمەیی کاڵ بریتییە لە تێکەڵبوونی خوێن لەگەڵ دەردراوی زێدا.
هەروەها بەکارهێنانی ئەو رێگەیانەی رێگریکردن لە دووگیانی کە گۆڕانکاری هۆرمۆنی دروستدەکەن، هۆکارن بۆ کاڵبوون و کەمبوونی خوێنی سووڕی مانگانە.
سێکس دەکرێت هۆکاربێت بۆ برینداربوونی ناوپۆشی زێی خانمان کە وادەکات تووشی خوێنبەربوونێکی کەم ببێت و ئەم خوێنەش دواتر تێکەڵ بە دەردراوی زێی خانمەکە دەبێت و خوێنێکی پەمەیی دەردەکەوێت.
ئەگەر خانمێک دووگیانبێت و دەردراوی پەمەیی هەبێت، ئەوا دەکرێت نیشانەیەکی لەبارچوونی کۆرپەلەکە بێت.
چەند هۆکارێکی دیکەی خوێنی پەمەیی دەکرێت دابەزینی کێشێکی زۆر، خواردنی ناتەندروست و کەمخوێنی بێت.
پرتەقاڵی
ئەو خوێنەی لەگەڵ دەردراوی زێدا تێکەڵدەبێت، دەکرێت رەنگی پرتەقاڵیش بێت.
خوێن یان دەردراوی پرتەقاڵی دەکرێت هۆکارەکەی هەوکردنیش بێت، هەربۆیە گرنگە ئەو خانمانەی خوێنی پرتەقاڵییان هەیە، سەرنجی تەندروستیی خۆیان بدەن و بزانن کە ئایا نیشانەی دیکەی وەکو خورانی زێ، ناڕەحەتی یان دەردراوی بۆن ناخۆشیان هەیە یان نا.
لەگەڵ ئەوەی مەرج نییە هەموو خوێنێکی پرتەقاڵی مانای هەوکردن بێت، بەڵام گرنگە لەکاتی هەبوونی ئەم جۆرە خوێنەدا خانمان پشتگوێی نەخەن و سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون بکەن.
رەساسی
دەردراوی رەساسی بەزۆری هۆکارەکەی جۆرێکی دیاریکراوی هەوکردنی بەکتریایی زێیە، ئەمەش حاڵەتێکە کە هۆکارەکەی ناهەوسەنگیی نێوان بەکتریا سوودبەخش و زیانبەخشەکانی زێیە.
نیشانەکانی دیکەی ئەم حاڵەتە دەکرێت ئەمانەبن:
- خورانی ناوپۆش و دەرەوەی زێ
- بۆنی ناخۆشی زێ
- میزکردنی بە ئازار کە خانمەکە دەڵێت هەست بە سووتانەوە دەکەم لەکاتی میزکردندا
لە ماوەی کۆتایی دووگیانیشدا ئەگەر دەردراوی رەساسی هەبوو و کڵۆی خوێنی تێدابوو، ئەوا دەکرێت نیشانەیەکی لەبارچوون بێت.
گۆڕانی رەنگی خوێن لەکاتی سووڕی مانگانەدا
خوێنی سووڕی مانگانە دەکرێت لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە لە رووی رەنگ و بڕەوە بگۆڕێت.
گۆڕانە هۆرمۆنییەکان، خواردن، شێوازی ژیان، تەمەن و ژینگە هۆکارن بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری لە سووڕی مانگانەدا.
ئەو خانمانەی کە ئەزموونی سووڕی مانگانەی ماوەدرێژ و توند دەبن، پێویستە سەردانی پزیشک بکەن بۆ دڵنیابوونەوە، دەستنیشانکردنی هەر گرفتێک کە هەبێت و چارەسەرکردنی.
هەبوونی کڵۆی خوێن لەکاتی سووڕی مانگانەدا مانای چییە؟
لەکاتی خوێندانانی سووڕێکی مانگانەی تەندروستدا، ئاساییە کە ناوپۆشی منداڵدان لە شێوەی کڵۆخوێنی زۆر بچوک دەربکەوێت و هیچ گرفتێک دروست ناکات، بەڵام کڵۆخوێنی گەورە و خوێنی زۆر بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت رۆژ، حاڵەتێکی ئاسایی نییە.
بە گوێرەی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان، ئەگەر خانمێک یەکێک لەم حاڵەتانەی خوارەوەی هەبوو، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکات:
- خوێنبەربوونێک کە وابکات خانمەکە بەهۆی زۆری خوێنەوە ناچاربێت هەموو دوو کاتژمێر جارێک سانتییەک بگۆڕێت
- کڵۆخوێنی گەورە
هەروەها بە گوێرەی سەنتەرەکە هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە ئەمانەن:
- گۆشتی زیادە لە ناوپۆشی منداڵداندا
- ناهاوسەنگی هۆرمۆنی
- هەوکردنی حەوزی خانمان
- ئامێری رێگریکردن لە دووگیانی
- نەخۆشییەکانی خوێن وەکو نەخۆشیی ڤۆن ویڵبراند
- هەندێک جۆری دەرمان وەکو ئەسپرین و دژەمەیینەکان
- شێرپەنجەی منداڵدان یان ملی منداڵدان
پشتگوێخستنی سووڕی مانگانەی توند و خوێنی زۆر، دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ تووشبوون بە ماکی گەورەی وەکو کەمخوێنی و بێهێزیی درێژخایەن.
لە چ کاتێکدا پێویستە خانمان سەردانی پزیشک بکەن؟
گرنگە لەکاتی هەبوونی هەریەکە لەم نیشانانەی خوارەوەدا، خانمان سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون بکەن:
- دەردراوی زێی نائاسایی و نوێ
- سووڕێکی مانگانەی ناڕێک کە ماوەی خایاندن و بڕی خوێنەکەی لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە بگۆڕرێت
- هەبوونی خوێن لەپاش لەسووڕچوون
- نەکەوتنە سووڕی مانگانە بۆ ماوەی سێ مانگ یان زیاتر بەبێ دووگیانبوون
- بۆنی ناخۆشی دەردراوی زێ
- خوورانی ناوپۆش و دەوروبەری زێ
سەبارەت بە خانمانی دووگیانیش، ئەگەر لە کاتی دووگیانییەکەدا خوێنیان هەبوو یان دەردراوێکی نائاسایی زێیان هەبوو، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.