چۆن گوشاری دەروونی کاریگەری دەکاتە سەر نەخۆشیی شەکرە؟

پەیوەندییەک لەنێوان نەخۆشیی شەکرە و گوشاری دەروونیدا هەیە

پەیوەندییەکی بە‌‌هێز لەنێوان گوشاری دەروونی و نەخۆشیی شەکرەدا هەیە. بە واتایەکی دیکە، گوشاری دەروونی هۆکارە بۆ تووشبوون بە شەکرە و لێکەوتە نەخوازراوەکانی پەیوەست بە نەخۆشییەکە.

توێژەران باس لەوە دەکەن، زیادبوونی گوشاری دەروونی مەترسییەکانی سەرهەڵدانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو زیاتر دەکات و ئاستی شەکر لە خوێندا بەرزدەکاتەوە.

گوشاری دەروونی و شەکرە

هۆکارەکانی گوشاری دەروونی جیاوازن و بەگشتی خۆیان دەبیننەوە لە گوشاری کارکردن، لەدەستدانی کار، گرفتی دارایی، جیابوونەوەی هاوسەران، لەدەستدانی کەسێکی نزیک و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە. توێژەران لە زانکۆی ئەمستردامەوە کۆمەڵێک روونکردنەوەیان بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بەوەی کە چۆن جۆرە جیاوازەکانی گوشاری دەروونی مەترسییەکانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو زیاتر دەکەن.

توێژەران دەڵێن، بوونی گوشاری دەروونی وا لە کەسەکە دەکات ژیانێکی ناتەندروستانە پەیڕەوبکات کە مەترسییەکانی سەرهەڵدانی نەخۆشیی شەکرە زیاتر دەکات، لەوانەش:

  • دوورکەوتنەوە لە چالاکیی جەستەیی
  • جگەرەکێشان
  • خواردنەوەی بڕێکی لەڕادەبەدەر لە کحول
  • دوورکەوتنەوە لە خۆراکە بەسوودەکان

هاوکات گوشاری دەروونی کارگەرییەکی گەورەی لەسەر ئاستی هۆرمۆنەکانی جەستە دەبێت، بەتایبەتی هۆرمۆنی ئنسۆلین.

تووشبوون بە گوشاری دەروونی، کار دەکاتە سەر ژێرمێشکە رژێن و وا دەکات ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرزببێتەوە. کۆرتیزۆڵ توانای خانەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئنسۆلین لاواز دەکات و لە ئەنجامدا هانی بەرزبوونوەی ئاستی گلوکۆز لە خوێندا دەدات. ئەمە خودی میکانیزم و مەترسییەکەیە.

خۆپارێزی

ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی بەردەوام، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، رێکخستنی کات و خەوی باش، هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی گوشاری دەروون. هاوکات ئەنجامدانی راهێنانی یۆگا رێگەیەکی کاریگەرە لە زاڵبوون بەسەر گوشارە دەروونییەکاندا. لر کۆیشدا، پابەندبوون بەم چالاکییانە وا دەکات ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو کەمببێتەوە.