سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، "تاوەکو کۆتایى ئەم هەفتەیە بەغداد تەمویلى مووچە رەوانە دەکات".
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمى کوردستان بۆ کەناڵ8 گوتى "رەوانەکردنى مووچەى مانگى تەمموز دواکەوتووە و ئەوەندەى زانیارییان پێگەیشتووە، پاش وردبینیى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق، وەزارەتى داراییش وردبینى لە لیستەکە دەکات و ئەوکات پارە دەنێرێت".
گوتیشى "وردبینییەکەى وەزارەتى دارایى عێراق تەواو بووە و لەم سێ رۆژەدا واتا تاوەکو کۆتایى ئەم هەفتەیە، تەمویلى مووچە رەوانە دەکرێت".
سەرچاوەکەى ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێت "پێشتر وەزارەتى دارایى عێراق بە سێ جار پارەى مووچەى رەوانەکردووە، سەرەتا بۆ کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستى تایبەت، پاشان گوژمەى دووەمى بۆ فەرمانبەران بووە و گوژمەى کۆتایی بۆ مووچەى هێزە ئەمنییەکان بووە، بەڵام بۆ ئەم مانگە دیار نییە مووچەى سەرجەم مووچەخۆران رەوانە دەکرێت یان تەنیا دوو گوژمەى یەکەم رەوانە دەکات".
هاوکات، ئەوەشى روونکردەوە بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى تەمموز، حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕێى تەمویلى وەزارەتى دارایى عێراق دەکات بۆ ئەوەی دەست بەدابەشکردنى بکات.