شەکرەی مێشک چییە؟

test
د. یوسف بەهائەدین خەتی- پسپۆڕی شەکرە

د. یوسف بەهائەدین خەتی
پسپۆڕی شەکرە

شەکرە (نە پێی هەیە نە پانی، بە هەموو کونان دەزانی)، شوێن نییە لە جەستەی مرۆڤ شەکرە خۆی پێدا نەکات و چڕنووکەکانی خۆی لێ گیرنەکات و ژێرخانەکەی مۆرانەخۆری نەکات، یەکێک لەو شوێنانەش مێشکە.

خوانەکا مرۆڤیش مێشکی زیانبهێنێت و بیرکردنەوە و قسە و خودئاگایی کورت بهێنێت، ئەو کاتە دەبێتە بار بەسەر خۆی و دەوروبەری بۆیە تکایە (با خۆمان لە شەکرە بپارێزین)، چونکە بەڵایە.

لەبارەی کاریگەریی شەکرە لەسەر دروستبوونی جەڵتەی مێشک و شەپڕەلێدان نادوێم، چونکە مەعلومی ئێوەیە ئەگەر شەکرە کۆنتڕۆڵنەکرێت و ئاگادارییەکی باشی تەندروستییانە پیادەنەکەین ئەوا زۆرترین جەڵتە، چ هی مێشک چ هی دڵ لەشەکرەداران روودەدەن

لێرەدا باسەکە بابەتێکی جیاوازە:

بنچینەی نەخۆشیی شەکرە زیادبوونی بەرگرییە بۆ ئنسۆلین، واتە خانەکانی لەش بەرگری پەیدادەکەن بەرامبەر کاری ئاسایی ئنسۆلین، بە دەربڕینێکی دیکە، ئنسۆلین هەیە بەڵام کاری خۆی پێ جێبەجێناکرێت. ئەو حاڵەتە پێی دەگوترێت IR، یاخود Insulin resistance

ئێستا دەگوترێت جارهەیە تەنیا مێشک و دەمارەخانەکانی ناو مێشک توشی ئەو دەردە دەبن، بە واتای ئەوەی IR یان بەرگری کاری ئنسۆلین بەس لە مێشک روودەدات.

دیارە ئنسۆلین کاری خۆی پێ نەکرێت و فرمانەکانی ئەنجامنەدات، رێژەی شەکری خوێن بەرزدەبێتەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا نەخۆشیی شەکرە روودەدات. زۆر بابەت و توێژینەوە هەن لەبارەی پەیوەندیی نێوان شەکرە و نەخۆشیی ئاڵزهایمەر کە بەئاشکرایی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو نەخۆشییە رووندەکەنەوە.

بۆیە تکایە (با خۆمان لە شەکرە بەدوور بگرین ) هەتا کار لەکار نەترازایە.

ئەگەر لە گوگڵ بنووسیت type 3 diabetes شەکرەی جۆری سێیەم، یەکسەر روونکردنەوە و لێکدانەوەی نەخۆشیی ئاڵزهایمەرت دێنێتە بەرچاو.

جگە لەو دوو جۆرە شەکرەیەی کە زۆر ناسراون، پزیشکان و تەندروستکاران دەزانن جیاوازییان چییە، جۆری سێیەمیش هەیە و بریتیەلە نەخۆشیی ئاڵزهایمەر

خوایە لە کەس نەگۆڕی و مێشکی تێکبچێت، دیارە خۆپاراستن لەو نەخۆشیە نەگریسەیش کە تاوەکو ئێستا چارەسەری نییە و بەشێوەی خەڵەفان دەردەکەوێت هەر وەکو پارێزکاری شەکرە وایە.

خۆلاوازکردن، کەمخواردن، تەواوخەوتن، دوورکەوتنەوە لە شیرینییەکان و خواردنی سەوزە بە خاوی و بەکوڵاوی.

خۆ باسی جگەرە و زەختیش ناکەین چونکە ئێوە زۆر باش دەزانن.

پرسیارێک :

حەفتەی چەند کاتژمێر رۆیشتن یان مەلەوانی یان هەر لەشەجولەیەک ئەنجامدەدەیت؟

پرسیارێکی دیکە:

هەرگیز لەبەر تەندروستیی خۆت کەمت خواردووە؟

پرسیاری سێیەم:

هەوڵتداوە بزانیت کام خواردن تەندروستە و کامیان ناتەندروستە هەتا پیادەی بکەیت؟

loading....