موعین کازمی: بەغداد ناچێتە ژێربارى پرۆسەى هاوتاکردنى مووچەی خانەنشینان

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

ئەندامێکى لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، بەهۆى ئەوەى سندوقى خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان بەتاڵە، حکومەتى عێراق ناچێتە ژێربارى پرۆسەى هاوتاکردنى مووچەی 250 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان.

موعین کازمی، ئەندامى لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحی نیمچە فەرمى عێراقى راگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیەى لە فەرمانبەران دەبڕدرێت بەناوى خانەنشینییەوە، لە هەرێمى کوردستان دیارنییە و بەمەش حکومەتى عێراق ناتوانێت گەرەنتى ناردنى پارە بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بکات، چونکە پارەى دیکە لەچوارچێوەى یاساى بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.

جەختیشیکردەوە، پێویستە چارەسەری دارایی بدۆزنەوە بۆ زامنکردنی مافی خانەنشینان بەبێ بارگرانی دارایی زیادە لەسەر حکومەتى عێراق و بەدواداچوونیش دەکەن بۆ ئەو لێبرینەى کە بەناوى خانەنشینییەوە لە فەرمانبەران دەبڕدرێت، تاوەکو بتوانن پارەکە بۆ 250 هەزار خانەنشینەکە بگێڕنەوە.

کازمی ئاماژەی بەوەدا، لیژنەی دارایی لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە چارەسەری پراکتیکی کە مافی خانەنشینان لە ناوچەکەدا زامن بکات، و بەدیهێنانی دادپەروەریی لە نێوان خانەنشینانى هەرێمی کوردستان و شارەکانى دیکەى عێراق.