شیرپێدانی سروشتی چەندین سوودی تەندروستی بۆ خودی دایک و منداڵەکە هەیە. ئەم پرۆسەیە هۆکارە بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی منداڵەکە و دابینکردنی بڕێکی باش لە خۆراکەماددە بۆ جەستەی منداڵەکە، لە کاتێکدا دەستکەوتنی تەواوی ئەم سوودە ئەرێنییانە لە شیری دەستکردەوە کارێکی مەحاڵە.
د. نیگا شەفیق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لەبارەی سوودەکانی شیرپێدانی سروشتییەوە بە کەناڵ8ـی راگەیاند: ”باشترین رێگە بۆ دایکان بریتییەلە شیرپێدانی سروشتی، چونکە ئەم پرۆسەیە سوودی بۆ خودی منداڵەکە و دایکەکەش دەبێت، وا دەکات لەڕووی دەروونییەوە هەردووکیان هەست بە ئارامی بکەن. دایکان لە پاش لەدایکبوونی منداڵ، تاڕادەیەک بارستایی لەشیان زیاد دەکات. بێگومان شیرپێدانی سروشتی هاوکارییەکی باشی ئاساییبوونەوەی بارستایی لەشی دایکان دەکات، تەنانەت ئەم پرۆسەیە مەترسییەکانی تووشبوونی دایک بە شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدانیش کەمدەکاتەوە.“
لەلایەکی دیکەوە پزیشکەکە باسی لەوەش کرد، ئەم شیرە کاریگەرییەکی گەورەی لە پاراستنی منداڵەکە لە تووشبوون بە خەمۆکی و ئۆتیزم لە ماوەکانی داهاتووی ژیانیدا دەبێت و ئەگەری تووشبوونی بە قەڵەوی، بەرزە فشاری خوێن و نەخۆشیی شەکرەش کەمدەکاتەوە. شیرپێدانی سروشتی سیستمی بەرگریی منداڵ بەهێزدەکات و توانایەکی باشتری بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان پێدەدات.
پسپۆڕەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دایکان خۆیان باوەڕی تەواویان بە سوودەکانی ئەم پرۆسەیە هەبێت و پێش لەدایکبوونی منداڵ بڕیاری تەواو لەم بارەیەوە بدەن. بێگومان ناشبێت گوشارێکی دەروونیی زۆر بخەنە سەر خۆیان، چونکە تاوەکو دایکان ئاسوودە نەبن، شیرپێدانیان باش نابێت. بوونی بەرنامەیەکی خۆراکیی گونجاو و خەوێکی باش، بڕی شیری دایک زیاتر دەکات.
”گرنگە دایک پێش لەدایکبوونی منداڵەکەی فێری تەکنیکی شیرپێدان ببێت و بزانێت چۆن شیر بە منداڵەکەی دەدات، بە جۆرێک دەبێت منداڵەکە بهێنرێتە نزیک سنگی دایکەکەوە، نەک دایکەکە خۆی بچەمێنێتەوە بۆ شیرپێدان، چونکە ئەم چەمانەوەیە وا دەکات پشت، شان و ملی دایکەکە بەردەوام ئازاری هەبێت و ببێتەهۆکار بۆ ئەوەی دووربکەوێتەوە لە شیرپێدانی سروشتی.“ پسپۆڕەکە بەم جۆرە باسی لە خۆپاراستنی دایک لە لێکەوتەکانی شیرپێدان کرد.
لەبارەی ماوەی شیرپێدانەوە، پزیشکەکە گوتی: ”دەبێت پێدانی شیر لە هەر مەمکێکەوە 10 بۆ 15 خولەک بخایەنێت، چونکە ئەگەر تەنیا پێنج خولەک لەلایەکەوە شیر بە منداڵەکە بدرێت، لەو کاتەدا منداڵەکە تەنیا ئاو و شلە سەرەتاییەکان وەردەگرێت؛ بەشی زۆربەی کالۆری و چەوری و پڕۆتینەکان لە کۆتایی شیرەکەدان.“
شیرپێدان سووڕێکی زیندەییە، تاوەکو منداڵەکە شیر زیاتر وەربگرێت، سووڕی دروستبوونی شیر و دەردانی هۆرمۆنی پرۆلاکتین لە لەشی دایکەکەدا زۆرتر دەبێت. گرنگە دایک لەڕووی خۆراکەوە پەیڕەوی بەرنامەیەکی خۆراکیی پڕکالۆری بکات. لە شەش مانگی یەکەمی شیرپێداندا، دایکان پێویستیان بە 300 بۆ 400 کالۆری زیادە هەیە و لە شەش مانگی دووەمدا 400 بۆ 500 کالۆری زیادەیان پێویستە. واتا ئەگەر دایکەکە خۆی لە بارودۆخی ئاساییدا پێویستی بە 2000 کالۆری هەبێت، لە کاتی شیرپێدانی سروشتیدا پێویستە بەرنامەی خۆراکیی رۆژانەی بە جۆرێک بێت کە 2500 کالۆری وەدەستبخات.
پسپۆڕەکە باسی لەوەش کرد، مەرج نییە بە شیرینی و نان و برنج ئەم کالۆرییە وەدەستبخرێت، بەڵکو دەکرێت لەڕێگەی زۆر خواردنی سەوزە و میوە و ئەو خۆراکانی دەوڵەمەندن بە کانزا و ڤیتامینەکان ئەم زیادکردنە ئەنجامبدرێت. شیر لە بنەڕەتدا تەڕە و ئاوی زۆرە، بۆیە دەبێت دایکان بەردەوام ئاو بخۆنەوە، تاوەکو هیچ گرفتێک بۆ پرۆسەی شیرپێدان دروستنەبێت.
پەیوەست بە گرفتەکانی شیرپێدان، د. نیگا ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر دایکی شیردەر هەست بە برینی سەر گۆی مەمک بکات، دەکرێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات و لەڕێگەی وەرگرتنی دەرمان و کرێمی تایبەتمەندەوە ئەم کێشەیە چارەسەربکات. ئەگەر دایک شیری کەمبێت، دەکرێت لەڕێگەی دانانی خاولی گەرم لەسەر مەمک لە ماوەکانی پێش شیرپێداندا، ئاستی شیری دەردراو زیادبکات.