راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروبارى پارێزگاکان رایگەیاند، گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک بەردەوامن و دوو پرۆژە لەبەردەم لایەنە براوەکاندایە، دەشڵێت، "سەرجەم پێکهاتەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی نابێت هیچ لایەنێکی کەرکوک پەراوێز بخرێت".
تۆرهان موفتی، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کارووبارى پارێزگاکان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "گفتوگۆکان لەسەر پێکهێنانی ئیدارەى خۆجێی کەرکوک بەردەوامن، لایەنە براوەکان دوو پرۆژە تاوتوێدەکەن، ئەوانیش پرۆژەی سێ قۆڵی پارتی و تورکمان و عەرەبە، پرۆژەی دووەمیش پرۆژەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە".
گوتیشی، "پرۆژەی یەکەم بەڕێوەبردنى پارێزگاکەیە بەشێوەی خولی لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکە، پرۆژەی دووەمیش بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگارە دوو ساڵ بە دوو ساڵ، لەنێوان هەردوو لایەنی سەرەکی براوەی هەڵبژاردنەکە، کە یەکێتی و عەرەبەکانن".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشى، "بۆچوونمان وایە لەو ماوەیەی لەبەردەم لایەنە براوەکاندا ماوە، بتوانرێت ئیدارەی خۆجێی کەرکوک پێکبهێندرێت".
لەبارەی ئەگەری پێکنەهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک تاوەکو 11ـی ئاب، تۆرهان موفتی گوتی، "بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ماوەی 30 رۆژ دیاریکراوە بۆ پێکهێنانی ئیدارەى خۆجێی دوای یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەن، بەڵام باس لەوەنەکراوە دوای تێپەڕبوونی ئەو 30 رۆژە چارەنووسی ئەنجوومەنەکە چی بەسەردێت، ئەمەش بۆشاییە لە یاساکەدا".