لە دیالە دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی خۆپیشاندان کرا

ساتى هەڵواسینى پۆستەرەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە

هێزەکانى پۆلیسى دیالە، ئەو پۆستەرانەیان لابرد کە شەوى رابردوو بە دەرگاى ژمارەیەک فەرمانگەى شارۆچکەى میقدادییە هەڵوەسرابوون و لەسەریان نوسرابوو "فەرمانگە و دامەزراوەکانى دیالە بە ناوى گەلى ستەملێکراوەوە داخراون".

شەوى رابردوو، لە شارۆچکەى میقدادیەى سەر بە پارێزگاى دیالە، لە دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى پارێزگاکە خۆپیشاندان کرا و دەرگاى بنکەى پۆلیس و کارتى نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵ و بانکى رافیدەین پۆستەرى لێدرا کە لەسەرى نووسرابوو "فەرمانگە و دامەزراوەکانى دیالە بە ناوى گەلى ستەملێکراوەوە داخراون".

دواى ئەو کارەش، فەرماندەیی پۆلیسى دیالە رایگەیاند، بە بڕیارى فەرماندەى پۆلیس سەرجەم پۆستەرەکان لێکراونەتەوە، ئەو فەرمانگانە لە ژێر چاودێریی هێزەکانى پۆلیس کراوە دەبن و رێکاریی یاسایی لە دژى هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە دەیانەوێت ئاسایشى پارێزگاکە تێکبدەن.

ئێوارەى رۆژى پێنجشەممەى رابردوو، 10 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە بەغداد کۆبوونەوە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی پارێزگاکە، ئەوەش ناڕەزایی هۆزى تەمیمى لێکەوتەوەو رەتیانکردەوە پارێزگار بدرێتە کەسێکى دەرەوەى هۆزەکەیان.