نمایشی تایبەتی فیلمی "Borderlands" ئەنجامدرا

لە شاری لۆس ئەینجڵسی وڵاتی ئەمریکا، نمایشی تایبەتی نوێترین فیلمی دەرهێنەر "ئێلی رۆس" بە ناونیشانی "بۆردەرلاندس" ئەنجامدرا و سەدان کەسایەتیی بەناوبانگ بەشدارییان تێدا کرد.

فیلمی بۆردەرلاندس، نوێترین فیلمە دەرهێنەر ئێلی رۆسە، کە یەکێکە لە دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی هۆڵیوود و دەرهێنەری ژمارەیەک لە فیلمی هەستبزوێن و ترسناکە.

لەمیانی بەڕێوەچوونی نمایشی تایبەتی ئەم فیلمە لە شاری لۆس ئەینجڵس، رۆس دڵخۆش بوو بە ئامادەبوونی دیارترین ئەستێرەکانی هۆڵیوود لە نمایشکردنی فیلمەکەیدا، دیارترین ئەو کەسایەتییانەی ئامادەییان هەبوو، لەوانە: کێڤن هارت، جەیمی لی کۆرتس، جاک بلاک و کەیت بلانشێت.

بڕیارە فیلمە بۆردەرلاندس، رێکەوتی نۆی ئاب لە سینەماکانی ئەمریکا دەست بە پەخشکردن بکات و چیرۆکی هەستبزوێن و پڕ لە ئاکشنی شێتانە دەگێڕێتەوە لە ناوچەیەکدا کە هەموو کارەکتەرەکان وەکو شێت لێکدەدرێنەوە و هەوڵ بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانیان دەدەن.

لە بنەڕەتدا، چیرۆکی ئەم فیلمە، لە چیرۆکی یاریی ئەلیکترۆنییەوە وەرگیراوە و ئێلی رۆس بەم جۆرە دەیەوێت، هەوادارانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان تێکەڵی جیهانی سینەماش بکات و یەکێکی دیکە لەو بەرهەمانە دروستبکات کە پردی نێوان هەردوو جیهانەکە دادەمەزرێنێت.