فرەچالاکیی غوددەی کالیسیۆمی چییە و چۆن چارەسەردەکرێت؟

د. هاوار حەسەن نەقشبەندی - پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، غوددە و کۆئەندامی هەرس

د. هاوار حەسەن نەقشبەندی - پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، غوددە و کۆئەندامی هەرس

غوددەی کالسیۆمی (Parathyroid Gland) چوار رژێنی بچووکن لە ملی مرۆڤدا کە بە شێوەیەکی گشتی لە پشتی رژێنی دەرەقیدا هەڵکەوتوون. فرەچالاکیی غوددەی کالسیۆمی تێکچوونێکە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی غوددەی کالسیۆمی دروستدەبێت، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی ئاستی کالیسیۆم لە خوێندا و روودانی چەند کێشەیەکی پەیوەندیدار، لەوانەش پووکانەوەی ئێسک، کەڵەکەبوونی کالیسیۆم لە گورچیلەدا و لاوازبوونی ماسولکەکان.

هۆکارەکانی فرەچالاکیی غوددەی کالیسیۆمی

سەرهەڵدانی گرێی شێرپەنجەیی و ناشێرپەنجەیی لە یەکێک لە رژێنەکانی غوددەی کالیسیۆمیدا، بە یەکێک لە هۆکارە دەگمەنەکان دادەنرێت کە رەنگە ببێتەهۆی تێکچوونی فرەچالاکیی غوددەی کالیسیۆمی.

دابەزینی ئاستی کالیسیۆم لە لەشدا بەهۆی کەمیی ڤیتامین دی یاخود بەهۆی بوونی کێشە لە کۆئەندامی هەرسدا کە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر شێوازی هەڵمژینی کالیسیۆم دەبێت، دەکرێت وا بکات کەسەکە تووشی تێکچوونی فرەچالاکیی غوددەی کالیسیۆمی ببێت. لە کۆتاییشدا نەخۆشییە درێژخایەنەکانی گورچیلەش دووبارە هۆکارێکی دیکەن بۆ سەر‌هەڵدانی ئەم گرفتە.

چارەسەر

لە زۆربەی حاڵەتەکانی فرەچالاکیی غوددەی کالیسیۆمیدا، ئەگەر زیادبوونی ئاستی کالیسیۆم لە خوێندا کەمبێت و کاریگەری لەسەر چڕی ئێسک و گورچیلەکان نەبێت، لەوانەیە چارەخوازەکان پێویستیان بە چارەسەرکردن نەبێت.

لەم بارودۆخەدا ئەنجامدانی پشکنینی وەرزی بۆ ئاستی کالیسیۆم و ڤیتامین دی و چڕی ئێسک، دەبنە پێویستییەکی گرنگ. هاوکات پێویستە ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کالیسیۆم، لەوانەش شیر، پەنیر و ماسی، لە بەرنامەی خۆراکیی رۆژانەدا کەمبکرێنەوە و کەسەکە بڕێکی زۆر ئاو بخواتەوە، بە مەبەستی رێگریکردن لە دروستبوونی بەردی گورچیلە. لە کۆتاییشدا دەبێت بە بەردەوامی وەرزشێکی مامناوەندی ئەنجامبدرێت بۆ پاراستنی هێز و تەندروستیی ئێسکەکان.

خۆ ئەگەر ئاستی کالیسیۆم لە خوێندا زۆر نائاسایی بێت و کاریگەرییەکی نەرێنیی گەورەی لەسەر چڕیی ئێسکەکان هەبێت، رەنگە پزیشکی پسپۆڕ ئەم چارەسەرانەی خوارەوە بۆ چارەخوازەکە پێشنیاربکات:

  • نەشتەرگەریی لابردنی رژێنە گەورەبوو و شێرپەنجەییەکان کە بەهۆیەوە نزیکەی 95%ـی چارەخوازەکان بە سەرکەوتووی چاکدەبنەوە.
  • دەرمانی کالسیمیمێتس بە یەکێک لەو دەرمانە نوێیانە دادەنرێت کە لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی فرەچالاکیی ‌غوددەی کالیسیۆمی دەنووسرێت، چونکە کار بۆ رێگریکردن لە دەردانی هۆرمۆنی ‌غوددەی کالسیۆمی دەکات و لە ئەنجامدا ئاستی کالیسیۆم لە خوێندا کەمدەکاتەوە.
  • حەبی ڤیتامین دی و کالیسیۆم بۆ ئەو نەخۆشانەی بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ڤیتامین دییەوە تووشی فرەچالاکیی ‌غوددەی کالیسیۆمی بوون، دەکرێت چارەسەرێکی گونجاوبێت.