دۆڵچی و گابانا بۆنێکی نوێی بۆ سەگەکان دروستکرد

کۆمپانیا و براندی دۆڵچی و گابانا، لەنوێترین داهێنراوی خۆیدا، بۆنێکی تایبەتی بۆ سەگەکان دروستکردووە و دەیەوێت کارەکانی بۆ ئەم ئاژەڵە چڕتر بکاتەوە.

خانەی جلوبەرگ و جوانکارییەکانی دۆڵچی و گابانا، بۆنێکی نوێیام بۆ سەگەکان دروستکردووە، کە لە پێکهاتەکەیدا هیچ جۆرە کحولێک بەکارناهێنرێت و داهێنراوێکی نوێی کۆمپانیاکەیە بۆ خزمەتکردن بە ئاژەڵەکان و بەدیاریکراوییش سەگەکان.

ئەم بۆنە بەناوی "فیفێ" یەکێکە لە نوێترین داهێنراوەکانی دۆڵچی و گابانا، دۆمینیکۆ دۆڵچی، خاوەنی نیوەی کۆمپانیاکە بەمەبەستی یادکردنەوەی یەکێک لە سەگەکانی ئەم بۆنەی دروستکردووە.

بۆنەکە نرخەکەی 108 دۆلارە و بەگوێرەی پرۆتۆکۆلە پزیشکییەکانی وڵاتی ئیتاڵیا توانیویەتی مەرجەکانی تێپەڕێنێت و مۆڵەتی فرۆشتنی پێبدرێت، بەڵام ئەمە لەکاتێکدایە، شارەزایانی بواری پاراستنی ئاژەڵان و ڤێتەرنەرییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە؛ بەکارهێنانی ئەم بۆنانە، زیان بە ئاژەڵەکان دەگەیەنن و باشترین شێوە بۆ پاراستنیان بەکارنەهێنانیەتی.