کۆریۆگرافی.. مێژوویەک بۆ هونەری جووڵەی جەستە

کۆریۆگرافیی وەکو هەر هونەرێکی دیکە، پێویستی بە پلان و رێکخستنی رەگەز و شێوەکانە، ئەم هونەرە ئامڕازێکی بەرچاو و زیندووە بۆ دەربڕینی هەستەکانی مرۆڤ.

کۆریۆگرافیی هونەری دروستکردنی سەمایە، شێوازی بەدوایەکداهاتنی جووڵە جەستەییەکانی سەماکار رێکدەخات، کە دەکرێت بەشێوەی تەنها یاخود بە کۆمەڵ پێشکەش بکرێت.

مێژووی کۆریۆگرافیی وەکو چەمک، مێژوویەکی زۆری نییە، بەڵام لە قۆناغی رێنەسانسی وڵاتی ئیتاڵیا، مامۆستاکانی سەما کاریان لەسەر دروستکردنی جووڵەی جەستە و سەمای کۆمەڵایەتیی کردووە بۆ چین و توێژە جیاوازەکان، هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی بالێدا گرنگییەکی گەورە بە هونەری جووڵەی جەستەش دراوە و لە سەدەی شازدەیەمی زاینییەوە لە وڵاتی فەڕەنسا وەکو هونەر لێی رووانراوە، دواتر لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوودا، وەکو چەمک، بۆ یەکەمجار کۆریۆگرافەر بۆ جۆرج بالانشین بەکارهاتووە لە نمایشەکانی برۆدوەی شاری نیو یۆرک.

هاوتای موزیکدانەر، نیگارکێش و شێوەکارەکان، کۆریۆگرافەر ئەو کەسەیە کە جووڵەی سەماکان دروستدەکات و لە هونەری کۆریۆگرافییدا زیندووی دەکاتەوە، کە بەشێوەیەکی گشتی و لە جیهانی هاوچەرخدا، لە شانۆییەکان و نمایشە راستەوخۆکان رۆڵی سەرەکییان هەیە و هاوکارن بۆ زیندووکردنەوەی چیرۆکەکان.

بەشێوەیەکی گشتی، کۆریۆگرافەرەکان دەتوانن سوودێکی گەورە لە سەما و جووڵەی نەریتیی تایبەت بە گەلانی جیاوازی جیهان ببینن لە دروستکردن و ئەنجامدانی ریفۆڕم لەم جۆرە هونەرەدا، هاوکات ئیلهامی رێکخستنی جووڵەکانیشی دەتوانێت لە پارچە هونەرییەکانی دیکەی وەکو موزیک، تابلۆ و ئەدەبیات وەربگرێت.

پڕۆسەی دروستکردنی کۆریۆگرافی، بەسەر سێ بەشی سەرەکییدا دابەش دەبێت؛ کۆکردنەوەی ماتریاڵ بۆ جووڵەکان، دروستکردنی جووڵەکان و گۆڕینیان بۆ سەمای رێکخراو و لەکۆتاییدا دروستکردنی سترەکچەر و بونیادی کۆتایی ئەو کارەی کۆریۆگرافەر دەیەوێت پێشکەشی بکات.