پێنج کەس بەتۆمەتى تێوەگلان لە هێرشەکەى سەر عەین ئەسەد دەستگیرکران

بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، رایگەیاند، پێنج کەس بەتۆمەتى تێوەگلان لە هێرشەکەى سەر بنکەى سەربازى عەین ئەسەد لە ئەنبار دەستگیرکراون.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، سەبارەت بەو هێرشە موشەکییەى شەوى 6ـی ئاب کرایە سەر بنکەى سەربازى عەین ئەسەد کە هەندێک لە بەشەکانى راوێژکارانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیی تێدایە، لەسەر راسپاردەى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکى هاوبەشیان لە لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکان پێکهێناوە.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت، لە رێى لێکۆڵینەوەى یاسایی و بەدواداچوونى زانیارییەکان، توانیویانە پێنج کەس دەستگیربکەن کە بەشداربوون لەو کردەوە نایاساییە.

رۆژى 6ـى ئاب، بە دوو مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەى عەین ئەسەد لە ئەنبار، بە گوتەى بەرپرسێکى باڵاى پنتاگۆن لە هێرشەکەدا پێنج سەربازى ئەمریکا و دوو کارمەندى ئەمریکى گرێبەست برینداربوون.