بەگوێرەی بڕیاری قایمقامییەتی شارۆچکەی باخچەسەرای سەر بە وان، لەمەبەدوا هەموو کاروبارەکانی ئاهەنگی بووکگواستنەوە دەچێتە ژێر دەستەڵانی قایمقام و هێزەکانی جەندرمە.
قایمقامییەتی شارۆچکەی باخچەسەرای سەر بە وان لە نووسراوێکدا بە موختارەکانی راگەیاندووە، " بۆ ئەنجامدانی هەر ئاهەنگێکی بوکگواستنەوە لە گەڕەک و سنوورەکەتان، پێویستە لانی کەم، دوو رۆژ پێشتر خاوەنی ئاهەنگەکە داواکاریی پێشکەشی قایمقامییەت بکات و داواکارییەکەش ئاڕاستەی جەندرمە دەکرێت. ئەو کاتە قایمقامییەت ئەو بابەتانە بە خاوەنی ئاهەنگەکە دەڵێت، کە پێویستە رەچاوی بکەن."
بەو پێیەش، هەموو کاروبارەکانی ئاهەنگی بووکگواستنەوە، دەچێتە ژێر دەسەڵاتی قایمقام و هێزەکانی جەندرمە.
لەلای خۆشیانەوە بەرپرسانی پارتی دەم لە وان لەبارەی بڕیارەکە دەڵێن، ماوەیەکە دەسەڵات فشارەکانی لەسەر کورد زیاتر کردووە، خەڵکیش ئەو فشارانە قبوڵناکەن و باجەکەی هەرچی بێت، هەرگیز پاشەکشە لە کولتورەکەیان ناکەن.
لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، لە شارەکانی وان، دیاربەکر، مێردین، سیرت، ئادیامان، بینگۆل، بەدلیس، روحا، شڕنەخ، مێرسین، عوسمانییە و ئیستانبوڵ، دەیان کەس لەسەر هەڵپيڕکێ و گۆرانی کوردی لە ئاهەنگ و بۆنەکان دەستگیرکران. وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش دەڵێت، ئەو کەسانە لەسەر گوتنەوەی دروشم بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان و عەبدوڵا ئۆجەلان دەستگیرکراون.
لە سەرەتای هەڵمەتی دەستگیرکردنەکانیشدا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی گوت، خۆزگە ئەو کەسانە تەنیا گۆرانی کوردییان دەگوت و هەڵپيڕکێیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە دروشمیان بۆ پەکەکە گوتووەتەوە.