زانیاریی نوێ لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی حەوت

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئاڵۆزی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پرسی تەوتین هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی حەوتن.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، دوای بەدواداچون و پەیوندی كردن بە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، پێی گوتوون بەهیچ شێوەیەك لە بانكی ناوەندی كێشەی پارەی نەختینەیان نییە.

گوتیشی، ئاڵۆزی لە لیستی موچەی نێردراو بۆ بەغداد، 'تەوتین' و چەند پرسێكی دیکە هۆكاری بیانوو دروستكردنی لایەنی عێراقییە بۆ وابەستەنەبون بە ناردنی مووچە لەكاتی خۆیدا.

رۆژی 21ـی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لیستی مووچەی مانگی تەمووزی سەرجەم فەرمانبەران، مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان لەلایەن تیمی هونەری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لەوەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا، بەڵام دوای 19 رۆژ تاوەکو ئێستا پارەی مووچەی مانگی تەمووز نەنێردراوە.